کەسوکاری کوژراوەکانی چەمچەماڵ: بکوژەکە فەرمانی گرتنی هەبووەو لەلایەن بەرپرسێکی یەکێتییەوە داڵدە دراوە

02-05-2022 10:09
کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی کەسوکاری کوژراوەکان

پەرەگراف

کەسوکاری ئەو خێزانەی بەیانیی ئەمڕۆ لە یەکەم ڕۆژی جەژندا لە چەمچەماڵ لەلایەن زاوایەکیانەوە چوار کەسیان کوژرا و دووی دیکەیان بریندار کرا، دەڵێن "پێشتر سکاڵایان لەسەر بکوژەکە تۆمار کردووەو فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە، بەڵام دەستگیر نەکراوەو لەلایەن ڕەمەزان دێکۆنی فەرماندەی لیوای ٣ی بەرگری و فریاکەوتنی یەکێتییەوە داڵدەدراوە".

مەریوان ئەحمەد کوڕێکی ئەو ماڵەی ئەندامەکانیان کوژراوە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی "کاتژمێر ٧:١٠ خولەکی ئەم بەیانییە بکوژەکە هاتووەتەسەر ماڵی دایکم و دوو دەستڕێژی گوللەی لێ کردوون، دوو خوشکم و برایەکم و برازایەکم کوژراون(یەکێک لە کوژراوەکان خێزانی تەقەکەرەکەیە) و دایکم و برازایەکی دیکەم بریندارن".

ڕووداوەکە لە ناحیەی شۆڕشی سەربە قەزای چەمچەماڵ ڕوویداو ئەو کەسەی چووەتەسەر ماڵی خەزوری ٥ منداڵی هەیە، بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە شەش مانگە لەگەڵ خێزانەکەی نێوانیان تێکچووە.

"بکوژەکە نەقیبە لە بەرگری و فریاکەوتن، پێشتر سکاڵامان تۆمار کردووەو لە دادگای چەمچمەماڵ و سلێمانی فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە، بەڵام لەلایەن بەرپرسێکی یەکێتی کە ئامرلیوای ٣ی بەرگری و فریاکەوتنە بەناوی ڕەمەزان دێکۆنی داڵدەدراوەو ڕادەستی یاسا نەکراوەو ئەو داڵدەی داوە" مەریوان ئەحمەد کوڕی ئەو ماڵەی تەقەیان لێ کراوە وای وت، وتیشی "چەنێک بکوژەکە بە بکوژ دەزانین دوو ئەوەندە ڕەمەزان دێکۆنی بە بکوژ دەزانین ئەو داڵدەی داوەو ئەم کێشەیەی دروست کردووە".

دوای تەقەکردن لە ماڵی خەزوری، بکوژەکە تەقەی لە ماڵی برایەکی خێزانەکەشی کردووە، بەڵام لەو ڕووداوەیان زیانی گیانیی نەبووە.

"داواکارین داواکارین لە بەڕێز کاک بافڵ کە بەرپرسی یەکەمی ئەم سنوورەیە، بە زووترین کات ئەم بکوژە دەستگیر بکرێت و ئیجرائاتی تووند لەگەڵ کاک ڕەمەزان بکرێت لەبەرئەوەی داڵدەی داوە، ئێمە هەموومان یەکێتی من خۆم باوکم لە ١٩٨٣وە پێشمەرگەیە" مەریوان وای وت، وتیشی "ئەم کەسە پێشتر باوەژن و خوشکەزایەکی خۆی و کەسێکی دیکەشی کوشتووە".

کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی مەریوان ئەحمەد کوڕی ئەو ماڵی کوژراوەکان