هەولێر و بەغداد پێشەنگی پێشێلكاری بەرانبەر ڕۆژنامەنووسانیان لە عێراقدا گرتووە

03-05-2022 09:21
هەولێر/ 2010/ خۆپیشاندانی ناڕەزایی دژی كوشتنی رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان. وێنەكە لە پەیجی بەشدار عوسمان برای سەردەشت عوسمانەوە وەرگیراوە

پەرەگراف

هەولێر و بەغداد بە پلەكانی یەكەم و دووەم، پێشەنگی پێشێلكاری بەرانبەر ڕۆژنامەنووسانیان لە عێراقدا گرتووە. لە كۆی 280 حاڵەت لە ماوەی ساڵێكدا، لە هەر یەك لەو دوو پارێزگا 56 حاڵەت تۆمار كراوە. ئەمە بەپێی ڕاپۆرتی كۆمەڵەی داكۆكیكردن لە ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە عێراق.

پارێزگای كەركووكیش بە 37 حاڵەتی پێشێلكاری بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان، لە پلەی دووەمدا و نەینەوا بە 27 حاڵەت و بەسرە 23 حاڵەت لە پلەكانی سێیەم و چوارمی پێشێلكاری بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان دێن.

كۆمەڵەكە ئەمڕۆ 3ی ئایار كە ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەوانییە، ڕاپۆرتی پێشێلكارییەكان بەرانبەر ڕۆژنامەنووسانی عێراقی بڵاو كردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەكە، پێشێلكارییەكان كە لە 3ی ئایاری 2021 تا 2ی ئایاری 2022 تۆمار كروان، بریتین لە (هەوڵی تیرۆركردن، هەڵكوتانەسەر، پەلاماری چەكداری، ڕفاندن، هەڕەشەی كوشتن، برینداربوون لە كاتی ڕووماڵكردن، تۆماركردنی سكاڵا بەو یاسایانەی لە سەردەمی دیكتاتۆریەتدا داڕێژراون، دەستگیركردن و ڕاگرتن، لێدان و ڕێگریكردن لە ڕووماڵ، داخستنی كەناڵەكان و ناردنەماڵەوەی كارمەندان).

كۆمەڵەی داكۆكیكردن لە ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە عێراق دەڵێت "هاوشێوەی ساڵانی پێشوو، كۆمەڵەی داكۆكیكردن لە ئازادیی ڕۆژنامەگەری 192 حاڵەتی دەستدرێژی و ڕێگری لە ڕووماڵكردن تۆمار و 36 حاڵەتی دەستگیركردن و ڕاگرتن بەبێ فەرمانی دادگا و 10 حاڵەتی هەڕەشەی كوشتن تۆمار كراوە".

كۆمەڵەی داكۆكیكردن لە ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە عێراق، كۆمەڵەیەكی ناحكومییە و لەلایەن كۆمەڵێك ڕۆژنامەنووسی عێراقییەوە دامەزراوە و ساڵانە ڕاپۆرتی پێشێلكارییەكان بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان بڵاو دەكاتەوە.

لە كۆی 280 حاڵەتی پێشێلكاری بەرانبەر ڕۆژنامەنووسانی عێراق، 83 حاڵەتیان لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراون، لەو ژمارەیەش 56 حاڵەتیان لە پارێزگای هەولێر بووە،

كۆمەڵەی داكۆكیكردن لە ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە عێراق دەڵێت "ئەمساڵ لە عێراق دەستدرێژی بە لێدان، ڕۆژنامەنووسی ئافرەتیشی گرتەوە، لەوانە ڕۆژنامەنووس (نوور تەمیمی) كە لە كاتی بەجێگەیاندنی ئەركدا ڕووبەڕووی لێدان و ڕاگرتن بووەوە".