دەستپێشخەرییەكەی چوارچێوەی هەماهەنگی: سەرۆكوەزیرانی سەربەخۆ و سەرۆككۆمارێك بە تایبەتمەندییەكانیەوە

04-05-2022 10:13

پەرەگراف

چوارچێوەی هەماهەنگی دەستپێشخەرییەكی نۆ خاڵیی بۆ دەربازبوون لە دۆخی چەقبەستووی سیاسی لە عێراق پێشكەش كرد. تێیدا داوا دەكات لایەنە كوردستانییەكان لەسەر كاندیدێك كە تایبەتمەندییەكانی سەرۆككۆماری تێدا بێت، ڕێك بكەون و پەرلەمانتارانی سەربەخۆیش كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران پێشەكەش بكەن.

چوارچێوەی هەماهەنگی لە سەرەتای دەستپێشخەرییەكەیدا داوا لە هەموو لایەنەكان دەكات "بەبێ هیچ مەرج‌ و كۆتوبەندێكی پێشوەختە"، لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن ‌و لەبارەی چارەسەرەكانەوە گفتوگۆ بكەن.

سەبارەت بە پۆستی سەرۆككۆمار كە پشكی كوردە، چوارچێوەكە دەڵێت "سەرۆككۆمار پێگەیەكی مەعنەویی گرنگ‌ و بنەڕەتیی هەیە، بەوپێیەی پارێزەری دەستوورە و سیمبوولی یەكێتیی نیشتمان ‌و سەروەرییەكەی ‌و پارێزەری یەكێتی ‌و سەلامەتیی خاكەكەیەتی، پێویستە سەرۆككۆمار خاوەن توانا‌ و ڕاستگۆ‌ و ئاكار و ڕەوشتی باش بێت".

چوارچێوەی هەماهەنگی داوا لە حیزبە كوردستانییەكان لە چوارچێوەی ئەو تایبەتمەندییانەدا "هەوڵەكانیان بخەنە گەڕ بۆ لێكتێگەیشتن‌ و ڕێككەوتن لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆككۆمار".

دەربارەی پۆستی سەرۆكوەزیرانیش، لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێن "لە ڕووانگەی باوەربوونمانەوە بە پێویستیی بەردەوامی پرۆسەی دیموكراتی‌ و بۆ خۆبەدوورگرتن لە بنبەستی سیاسی، پێشنیاز دەدەینە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ كاندیدێك پێشەكەش بكەن بۆ بەڕێوەبردنی وڵات لەم قۆناغە هەستیارەی تەمەنی عێراقدا".

سەبارەت بە مەرجەكانی كاندیدی سەرۆكوەزیران، لە دەستپێشخەرییەكەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا هاتووە "كاندیدی ئەم پۆستە كەسێكی بەتوانا‌ و پاك ‌و خاوەن ئەزموونی سیاسی ‌و ئابوری‌ بێت، تایبەتمەندیی لێهاتوویی و پاكیی تێدا بێت، قبوڵكراو و بێلایەن بێت ‌و هەموو پێداویستییە داواكراوەكانی تێدا بێت، بۆ ئەوەی لەلایەن هەموو كوتلەكانی نوێنەری پێكهاتەی گەورە و ئەوانەوە كە كوتلەی زۆرینە پێكدەهێنن، پاڵپشتی بكرێت، ئەمە بەگوێرەی لێكدانەوەی دادگای فیدراڵی بۆ ماددەی (76)ی دەستوور".

چوارچێوەی هەماهەنگی‌ ڕایگەیاندووە كە لەگەڵ هێزە هاوپەیمانەكانی "لیژنەیەكی دانوستانكار" پێكدەهێنێت بۆ دەسپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان، لەپێناو جێبەجێكردنی ئەم دەستپێشخەرییە.

"دوركەوتنەوە لە سیاسەتی شكاندنی ئیرادە‌ و نیشاندانی نەرمی‌ و سازشكردن بۆ یەكتر، ئەمە لەپێناو گەیشتن بە هاوبەشە نیشتمانی ‌و سیاسییەكان، بە لەبەرچاوگرتنی قورسایی هەڵبژار. بژاردەی بەشداربوون لە حكومەتی داهاتوو یاخود ئۆپۆزسیۆنبوون، وەكو بژاردەیەكی كراوە بۆ هەموو لایەنەكان بەجێ دەهێڵدرێت، بەبێ سەپاندنی بەسەر هیچ كەسێكدا"، دەستپێشخەرییەكە وا دەڵێت.

لە پەراوێزی دەستپێشخەرییەكەدا، هەموان پابەند كراون بە ژمارەیەك بەڵێن كە دیارترینیان "هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان، گۆڕینی كارمەندانی كۆمسیۆن ‌و سەرلەنوێ دروستكردنەوە ‌و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی كۆمسیاران، ڕێكخستنی پەیوەندیی نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان"ـە.

سەبارەت بە ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد، باس لە "دەركردنی یاسای نەوت ‌و غازی فیدراڵی‌ و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی سامانی وڵات‌ و پشتیوانیكردنی هێزی پاسەوانی هەرێم ‌و پێشمەرگە ‌و پابەندكردنیان بە سەركردایەتیی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەەوە" كراوە.

هەر لە چوارچێوەی پابەندییەكاندا هاتووە "هەموو لایەنە سیاسییەكان بەڵێن دەدەن هەوڵەكانی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ڕەت بكەنەوە‌ و ڕێگریی لێ بكەن".