خانەوادەی سەردەشت عوسمان: بكوژانی سەردەشت لە لووتكەی دەسەڵاتدان

04-05-2022 04:59

پەرەگراف

خانەوادەی ڕۆژنامەنووسی تیرۆركراو (سەردەشت عوسمان) لە دوازدەیەمین ساڵیادی تیرۆركردنیدا دەڵێن "هێشتا بكوژانی سەردەشت لە لووتكەی دەسەڵات و تیرۆرستان بە ئازادی و ئاشكرا دەسوڕێنەوە و بەردەوامن لە ستەم و تاوانكاری". جەختیش دەكەنەوە كە "دۆسیەی سەردەشت بە هەڕەشە و سیناریۆسازی داناخرێت".

خانەوادەی سەردەشت عوسمان دووپاتی دەكەنەوە كە "واقعی تاڵ و كارەساتباری ئەم كۆمەڵگەیە، بنەمای ئەوەیە كە تیرۆری هەر سەردەشتێك چەندین سەردەشتی تر دەهێنێتە سەر شانۆی سیاسی".

لە بەیاننامەكەدا كە لەلایەن بەكر عوسمان، برای سەردەشت عوسمانەوە بڵاو كراوەتەوە، هاتووە "هەمیشە و دایم پێداگرین كە دۆسیەی تیرۆری ڕۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان و دۆسیەی تیرۆر و سەركوتی دەنگە ئازادەكان، لای ئێمە و ئازادیخوازانی كوردستان بە كراوەیی ماوەتەوە، تا ئەو كاتەی تاوانباران ‌ لە دادگایەكی عادلانە و بێلایەن و سەربەخۆدا سزای خۆیان وەردەگرن".

دەقی بەیاننامەی خانەوادەی ڕۆژنامەنووسی تیرۆركراو سەردەشت عوسمان:

ئێمە و خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان لە تاوانی تیرۆری سەردەشت و دەنگە ئازادەكان خۆش نابین.

12 ساڵ بەسەر تیرۆری سەردەشت تێدەپەڕێت، 12 ساڵە ئێمە لە خوێنی جەستەی سەردەشت گیان ‌و ڕوح ‌و دڵمان خوێناوی لێ دەتكێت، 12 ساڵە ئازاردان‌ و سزادانی ڕوحی ‌و جەستەیی سەردەشت ‌و ئێمە درێژەی هەیە. 12ساڵە هەرچی دڵڕەقی ‌و دڕندەییە لەسەرمان تاقی دەكرێتەوە و ژیان ‌و بونمانی هەنجن هەنجن دەكات‌ و دەمانهاڕێت. ئێستا بەدوای دوانزدە ساڵ لە تیرۆری سەردەشتی ئازیز، كارنامەی ڕەشی تاوانكاری ئەو دەسەڵاتە جەلاد و مافیاییە بووە بە كێوێكی ڕەش.

لەم 12سالەدا تیرۆری سەردەشتەكان هەروا بەردەوام بووە و ئەمە بووەتە دێوەزمەی سەر دڵی هەر كەسێك كە بیەوێ وشەی حەق بەم دەسەڵاتە زاڵم ‌و سەركوتگەرە خێڵەكییە بڵێت. هەر بۆیە ئەمڕۆ وەك یەكەمین ڕۆژەكانی تیرۆری سەردەشت، پێداگرین لەسەر داواكاری‌و مافەكانمان بۆ بەسزاگەیاندنی تاونباران ‌و بكوژانی ئەو.

دوای 12 ساڵ لە تیرۆری سەردەشت، هێشتا بكوژانی سەردەشت لە لوتكەی دەسەڵات و تیرۆرستان بە ئازادی و بەئاشكرا دەسورێنەوە و بەردەوامن لە ستەم و تاوانكاری. 12 ساڵ پێداگری و سوربوونی سەركردایەتی پارتی لەسەر ئەم تاوانە دڕندانەیە و پەنادانی تیرۆرستان و بكوژان. بەڵگەی حاشاهەڵنەگری دوژمنایەتی كوێرانەی ئەم حزب و دەسەڵاتەیە لەگەڵ سادەترین ماف و ئازادیەكانی خەڵكی كوردستاندا.

ئەوە سێ دەیەیە كۆمەڵگە و خەڵكی ستەمدیدەی كوردستان یەخسیری دەسەڵاتی بەزۆر داسەپاوی دوو بنەماڵە و دەست و پێوەندەكانیانن. دوو بنەماڵە بۆ بەردەوامیدان بە ژیانی فیرعەونی و دەسەڵاتی ملهوڕانەی خۆیان لە هیچ تاوان و سەركوت و ستەمكاریەك دەست ناپارێزن. سەردەشت و سەدانی وەكو سەردەشت، قوربانیی بە گژاچوونەوەی جەسورانەی ملهوڕییەكانی ئەم دەسەڵاتەن.

لە ڕاستیدا ئەمڕۆ شتێك نییە بە ناوی دەسەڵاتی مەدەنی و سیاسی، هەموو خەڵكی كوردستان ئەو راستیە دەزانن ئەوەی لەم مەملەكەتەدا ناوی نراوە حكومەت و حوكمڕانی، تەنها چەند حزبێكی میلیشیایین بە زەبری چەك كۆنترۆڵی دەسەڵاتیان كردووە. ئەو حزبانەش لەلایەن چەند بنەماڵەیەك كۆنترۆڵ كراون. لە كۆتاییدا ئەم كۆمەڵگایە یەخسیری دوو بنەماڵەی گەندەڵ و تاوانكارن، كۆمەڵێك دز و چەتە و مافیایان بە ناوی سیاسەتمەدار كۆكردۆتەوە و دەسەڵاتی خۆیانیان پێ دەچەرخێنن.

ئەگەر بۆ تەنها یەك ڕۆژ دادگایەكی سەربەخۆ، بەپێی ستانداردە جیهانیەكانی ئەمرۆ، لە كوردستان بوونی هەبێت، ئەوا ئەم دەسەڵاتە كوردییە بە هەموو بەرپرسە باڵاكانیەوە، وەكو قاتل و دز و جەردە و فریوكار و تیرۆریست و گەندەڵ و بەكرێگیراو، ڕاپێچی زیندان دەكرێن.
ئەو دەسەڵاتە و سەرانی لە بەرامبەر خەڵك و كۆمەڵگای كوردستان دونیایەك تاوانكارییان ئەنجام داوە، تەنها بە زەبری چەك و تیرۆر و داپڵۆسین و خنكاندنی دەنگە ناڕازییەكان، خۆی بەپێوە راگرتووە. دوایین بەڵگەی سەركوتگەری ئەم دەسەڵاتە ئەو دۆسیە ریسوایەیە كە بۆ هەڵسوراوان و ڕۆژنامەنووسانی بادینانی هۆنیەو

دۆسیەی رۆژنامەنوسان و چالاكوانانی بادینان، لە فۆرمدا شانۆگەریەكی یاسایی بوو بۆ سەركوتكردنی ڕۆژنامەنوس و هەڵسوڕاوانی سیاسی و جەماوەری، بە كردەوە بەیانی ڕاگەیاندنی سەركوتگەری سیاسی بوو بۆ دەسەڵاتێكی پۆلیسی و دیكتاتۆر. دەسەڵاتی كوردی بە ئاشكرا و ڕەوان بە هەمووانی ڕاگەیاند، كە نەیاری سیاسی ئەو دەسەڵاتە سزای لەسەرە و سزای زیندانی و تیرۆرە. ئەوان لەسەر ئەوە دادگایی و زیندانی نەكراون كە كردویانە، لەسەر ئەوە زیندانی كراون كە هەن.

ساڵانە بودجەیەكی خەیاڵی چەندین ملیۆن دۆلاری سەرفدەكرێت بۆ دەزگا ئەمنیەكان، بەناوی ئەوەی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بپارێزن، بەڵام ئەو چەندین ملیۆن دۆلارە سەرفدەكەن بۆ ئەوەی هێرش بكەنە ‌سەر خەڵك و كەسانی ئازاو بوێر، هێرش بكەنە ‌سەر ئازادیخوازان، رۆژنامەوان و هەڵسوراوانی مەدەنی كە داوای مافی خەڵكی كوردستان دەكەن‌.

ئەم دەسەڵاتە شایانی خەڵكی كوردستان و حورمەت و شكۆی مرۆڤ نیە!

سەردەشت گیانی خۆی نایە پێناو وەستانەوە بەرامبەر ئەم دەسەڵاتە قاتل و تیرۆریست و سەركوتگەر و دز و كۆنەپەرستە و پەردەهەڵماڵین لەسەر ڕووخساری راستەقینەی، بەڵام ئەو رێچكەیەی سەردەشتەكان نیشانی كۆمەڵگەیان داوە، بە تیرۆر و كوشتار و سەركوت و سیناریۆسازی داناخرێت. واقعی تاڵ و كارەساتباری ئەم كۆمەڵگەیە، بنەمای ئەوەیە كە تیرۆری هەر سەردەشتێك چەندین سەردەشتی تر دەهینیتە سەر شانۆی سیاسی و ڕێگایان هەموار و هەموارتر دەكات.

بێگومان تێپەڕینی كات ناتوانێ سەردەشت و دۆسیەكەی بكات بە ڕابردوو… ئێمە و خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان لە تاوانی تیرۆری سەردەشت و دەنگە ئازادەكان خۆش نابین. لەگەل تێپەرینی كات لە پەنادان و پاراستنی تاوانكاران و بكوژاندا. رق و توڕەییمان لەم تاوانكاری و ستەمگەریە زیاتر دەبیت و لەسەر دادگایی و سزای عادلانەی تیرۆری سەردەشت و هەموو تاوانكارە دەست خوێناویەكان هەموو كاتێك پێداگر و پێداگرتر دەبین.

هەمیشە و دایم پێداگرین كە دۆسیەی تیرۆری رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان و دۆسیەی تیرۆر و سەركوتی دەنگە ئازادەكان، لای ئێمە و ئازادیخوازانی كوردستان بە كراوەیی ماوەتەوە، تا ئەو كاتەی تاوانباران ‌ لە دادگایەكی عادلانە و بێلایەن و سەربەخۆدا سزای خۆیان وەردەگرن، هەر بە كراوەیی دەمێنێتەوە.

بە دڵنیایی دۆسیەی سەردەشت عوسمان یەكێك لەو دۆسیانەیە كە سەرانی دەسەڵاتداری كوردی لەسەری دادگایی دەكرێ. ئەوانەی لە پشتی تیرۆرەكە وەستاون، ئەوانەی هەڵساون بە ئەنجامدانی تاوانەكە، لێژنەی لێكۆڵینەوە و ئەوانە لەپشتی داڕشتنی سیناریۆی هەڵبەستراو بە حەقی سەردەشت و خانەوادەكەی، ئەوانەی بە ناوی دادگا شانۆگەریەكی قێزەونیان نمایش كرد، ئەوانەی هەڕەشەیان دەكرد… چەندین تاوان و پێشێلكاری تر لەسەر ئەو دۆسیە و مەسەلەیە. هەموو ئەوانە بەشێكی ڕاستەوخۆ و بەشدارن لە تاوانی تیرۆری سەردەشت عوسمان و پەنادانی تاوانكاران و تیرۆرستان.

ئەگەر ئەمڕۆش ئیدعایەكی عەدالەت هەیە، ئەوە دۆسیەی تیرۆری رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان بە كراوەیی لە بەردەست هەمواندایە، ئەگەر لە كوردستاندا شتێك هەیە بە ناوی ماف و یاسا، دادگا و داد و داواكاری گشتی، ئەگەر شتێك هەیە بە پروپاگەندە و بانگیشەیەك هەیە بە ناوی دیموكراسی و پەلەمان و حكومەتی هاوڵاتی، ئەگەر شتێك هەیە بە ناوی عەدالەت و ویژدانی مرۆڤایەتی، ئەمڕۆ بكوژانی سەدەشت عوسمان ئاشكران، فەرموو با بە كردەوە بانگەشەكەی خۆیان نیشان بدەن لە دادگایی و سزادانی ئەو تاوانكارانەدا.

بەرز و بەڕێز بێت یادی سەردەشت و هەموو ئەو مرۆڤانەی لەپێناو ژیان و عەدالەت و ئازادیدا گیانیان بەخشی.

ئازادی بۆ دەستگیركراوانی بادینان و هەڵسوراوانی سیاسی و مەدەنی لە كوردستان.

بەكر عوسمان

2022-05-04

*  سێ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی: ڕەنگە دەسەڵاتدارانی کورد بەرپرس بن لە ڕفاندن و تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان