نزیکەی ٢ هەزار کەس بەهۆی خۆڵبارین و تەنگەنەفەسیی گەیەندرانە نەخۆشخانەکان لە عێراق

05-05-2022 12:24

پەرەگراف

شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین چەند پارێزگایەکی عێراقی گرتەوەو دوێنێ و ئەمڕۆ نزیکەی ٢ هەزار کەس بەهۆی خۆڵبارین و تەنگەنەفەسیی گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان.

شەپۆلەکە بەهێزترین خۆڵبارینە لە ماوەی ٢ ساڵی ڕابردوودا، بەغداد، ئەنبار، نەحەف، کەربەلاو سەلاحەدینی بە چڕیی گرتەوەو لە هەندێک شوێن مەودای بینین کەمتربووەوە لە ٥٠ مەتر.

خۆڵبارینەکە لە کوردستانیش؛ کەرکوک و گەرمیان، سلێمانی و هەڵەبجەی گرتەوە.

میساق عەبدولحسێن بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت "بەهۆی دابین نەکردنی بودجە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی خۆڵبارین دیاردەکە ڕوو لە زیادبوونە".

کشتوکاڵی عێراق سێ هۆکاری سەرەکیی بۆ خۆڵبارین دەستنیشان کردووە؛ کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی سەرچاوە ئاوییەکان بەتایبەت دیجلەو فورات، کەمیی باران بارین لەگەڵ کەمیی پلانی کشتوکاڵ و چاندن و کەمبوونەوەی ڕوبەری سەوزایی.

بەپێی پێشبینی بانکی نێودەوڵەتی، تا ساڵی ٢٠٥٠ بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە عێراق لەسەدا ٢٠ی سەرچاوە ئاوییەکانی لە دەست دەدات.

وەزارەتی ژینگەی عێراق پێشبینی دەکات لە ماوەی ٢٠ ساڵی داهاتوودا ڕێژەی خۆڵبارین بۆ ٢٧٢ ڕۆژ لە ساڵێکدا زیاد بکات، هەروەها تا ساڵی ٢٠٥٠ ڕێژەکە دەگاتە ٣٠٠ ڕۆژ خۆڵبارین لە ماوەی ساڵێکدا.