سەرۆكی قەرارگای عەممار: ئێمە هێرشمان كردە سەر هێزە سەربازییەكانی توركیا لە عێراق

06-05-2022 07:16
مەهدی تائیب، سەرۆكی قەرارگای عەممار

پەرەگراف

سەرۆكی (قەرارگای عەممار)ی ئێرانی دەڵێت "ئێمە هێرشمان كردە سەر هێزە سەربازییەكانی توركیا لە عێراق".

ئەم قسەیەی مەهدی تائیب، سەرۆكی قەرارگای عەمماری ئێرانی، لە تۆمارێكی دەنگیی دزەپێكراودا ئاشكرا بووە كە دەست ماڵپەڕی (ایران اینترنشنال) كەوتووە.

ئەمە لە كاتێكدایە ماوەیەك لەمەوبەر وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا لە ڕاپۆرتێكدا باسی لەوە كردبوو كە هەماهەنگی لە نێوان گرووپە چەكدارییەكانی لایەنگری ئێران و پەكەكە هەیە بۆ هێرش كردنە سەر بنكە سەربازییەكانی توركیا لە عێراق.

سەرچاوەیەكی ئاگادر بە بەشی فارسیی ماڵپەڕی بی بی سیی گوتووە "تۆمار دەنگییەكە تایبەتە بە كۆبوونەوەی مەهدی تائیب لەگەڵ سەرانی سوپای حیفازەتی ئەنسارولمەهدی". ئەركی ئەو سوپایەش پاراستنی فیزیكی (جەستەیی) بەرپرسانی دەوڵەتی ئێرانی لە ئەستۆدایە.

مەهدی تائیب، سەرۆكی قەرارگای عەممار و برای حسێن تائیب، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی سوپای پاسدارانی ئێرانە. قەرارگای عەممار بە دامەزراوەیەكی سەر بە سوپای پاسداران ناو دەبرێت، بەڵام سوپای پاسداران ئەوە ڕەت دەكاتەوە.

قەرارگای عەممار دامەزراوەیەكی سیاسیی محافزكارە توندڕەوەكانی ئێرانە كە 12 ساڵ لەمەوبەر دامەزراوە، یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی "ڕووبەڕووبوونەوەی جەنگی نەرمی دوژمنان"ی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە توركیا هێرش و ئۆپەراسیۆنەكانی بۆ سەر پەكەكە چڕتر كردووەتەوە و بە بەردەوامی هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر گەریلاكانی پەكەكە ئەنجام دەدات. لە 17-4-2022یش ئۆپەراسیۆنێكی لەژێر ناوی چنگ-قوفڵ بۆ سەر پەكەكە لە زاپ، مەتینا و ئاڤاشین دەست پێ‌ كردووە.

ڕاپۆرتەكەی ماوەیەك لەمەوبەری پنتاگۆن كە تایبەتە بە سێ‌ مانگی سەرەتای 2022، باسی لەوە كردووە كە "پاش هێرشە ئاسمانییەكانی توركیا بۆ سەر بارەگاكانی پەكەكە لە باكووری عێراق لە مانگی شوباتدا، گرووپێكی چەكداریی نوێ كە لەلایەن ئێرانە پاڵپشتی دەكرێت، هێرشی مووشەكیی بۆ سەر بنكەیەكی توركیا لە باكووری مووسڵ ئەنجام داوە".

پنتاگۆن پێشبینیی كردووە كە ئەو هەماهەنگییەی نێوان گرووپە چەكدارییەكانی سەر بە ئێران و پەكەكە بەردەوام بێت.