حاڵەتێكی گومانلێكراوی تای خوێنبەربوون لە هەولێر تۆمار كرا

07-05-2022 02:11

پەرەگراف

حاڵەتێكی گومانلێكراوی تای خوێنەبەربوون لە هەولێر تۆمار كرا. تەندروستی دەڵێت "ئەو حاڵەتە جێی ترس و دڵەڕاوكێ نییە، بەڵام پێویستە خۆپارێزیی زیاتر بكرێت بە تایبەت ئەوانەی ئاژەڵدارن یان مامەڵە لەگەڵ گۆشت دەكەن".

د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لە نەخۆشخانەی ڕاپەڕین كە چارەسەری منداڵانی تێدا دەكرێت، حاڵەتێك هەیە كە بەپێی بەشێك لە نیشانەكانی گومان دەكرێت هەڵگری ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون بێت".

بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر وتیشی "منداڵەكە تەمەنی دوو ساڵ و نۆ مانگە و لە بەغداوە سەردانی هەولێری كردووە بۆ وەرگرتنی چارەسەر كە نەخۆشیی هەوكردنی جگەری هەیە. نەخۆشەكە جیاكراوەتەوە لە نەخۆشەكانی تر و نموونەی لێ‌ وەرگیراوە تا لە ڕێگەی تاقیگەی ناوەندی لە بەغدا یەكلا بركێتەوە تووشبووی ڤایرۆسەكەیە یان نا".

د. دلۆڤان محەمەد ئاماژەی بەوەش كرد كە پێویستە ئەو كەسانەی بەركەوتنیان لەگەڵ نەخۆشە گومانلێكراوەكە هەبووە، بەدواداچوونیان بۆ بكرێت و لە ئەگەری بوونی نیشانەی پەتاكە پشكنینیان بۆ بكرێت.

"داوا لە هاووڵاتیان دەكەین كە گۆشت دەكڕن، لەو شوێنانە گۆشت بكڕن كە مۆری پشكنینی لەسەر بێت و لەو سەربڕخانانە بێت كە ڕێنمیاییە تەندروستییەكان جێبەجێ‌ دەكەن. لەو شوێنانە گۆشت نەكڕن كە نەزانن ئەو ئاژەڵە لەكوێ‌ سەربڕدراوە"، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر وای وت.

تای خوێنبەربوون پەتایەكی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ و پاشان لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. تا ئێستا نزیكەی ٥٠ كەس لە عێراق تووشی ئەو پەتایە بوون و هەشت كەس گیانیان لەدەست داوە.

دكتۆر سەرخێڵ ئاراس، پسپۆڕی تەندروستیی گشتی، لەبارەی نەۆشییەكەوە لە گفتوگۆیەكدا بۆ پەرەگراف وتی "تای خوێنبەربوون نەخۆشییەكی ڤایرۆسیی گوازراوەیە كە لە ڕێگەی ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. لە 40%ی ئەو كەسانەی تووشی دەبن، ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە".

سەبارەت بە نیشانەكانی نەخۆشییەكەیش، دكتۆر سەرخێڵ ئاراس وتی "نەخۆشەكە تایەكی بەرزی دەبێت، هەموو جەستەی ئازاری هەیە، بەتایبەت ئازار لە پشت و ملی دروست دەبێت، لەوانەیە نەخۆشەكە تووشی سكچوون و ڕشانەوە ببێت، لە قۆناغەكانی كۆتاییشدا خوێنبەربوون لە دەم و لووت و هەندێك جاریش لە چاو و گوێچكەیەوە دەست پێ دەكات".