تاڵیبان فەرمان بە ژنان دەكات پەچە بپۆشن و ئەگەر كاری گرنگیان نییە نەچنە دەرەوە

07-05-2022 02:22

پەرەگراف

تاڵیبان پەچەكردن لەسەر ژنانی ئەفغانستان فەرز دەكات و داوا دەكات "ئەگەر كاری گرنگیان نییە، باشترە نەچنە دەرەوە".

مەلا هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە، كەسی یەكەمی ئەفغانستان ‌و بزووتنەوەی تاڵیبان، لە فەرمانێكی نوێدا دەڵێت "دەبێت ژنان لە شوێنە گشتییەكاندا پەچە بپۆشن و ئەوانەی گەنجن و بەتەمەن نین، دەموچاویان داپۆشن ‌و تەنیا چاویان بەدەرەوە بێت، ئەگەر كارێكی گرنگیشیان نەبێت، باشتر وایە لە ماڵەوە بمێننەوە".

لە دوای گەڕانەوەی بۆ دەسەڵاتی ئەفغانستان، تاڵیبان چەندین بڕیاری بۆ ژنانی وڵاتەكە دەركردووە كە بە پشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و ژنان لە قەڵەم دەدرێن، بەڵام چالاكانی مافی ژن دەڵێن، ئەم بڕیارە نوێیە تووندترین بڕیاری تاڵیبانە بۆ ژنانی ئەفغانستان.

وەزارەتی (فەرمان بە چاكە و ڕەتكردنەوەی خراپە)ی حكومەتەكەی تاڵیبان، سزای بۆ هاوسەر و سەرپەرشتیارانی ئەو ئافرەتانە داناوە كە جلوبەرگیان بەپێی بڕیارەكانی تاڵیبان "گونجاو" نییە.

هەرچەندە لە سەروبەندی گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ ئەفغانستان، زۆر قەسەوباس لەسەر گۆڕانكاری لە سیاسەت و بیركردنەوەی تاڵیباندا دەكرا، بەڵام ئەو بزووتنەوەیە وردرە وردە كار لەسەر گەڕاندنەوەی ئەو بڕیارنە دەكات كە لە حكومەتی پێشوویدا هەیبووە، بڕیاری سەپاندنی پەچەیش دیارترینیانە.