هاتوچۆی هەرێم ڕەتی دەكاتەوە كامێرای چاودێری درابێتە كەرتی تایبەت

07-05-2022 07:56
لیوا عەبدولقادر عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان

پەرەگراف

بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان ڕەتی دەكاتەوە كامێرای چاودێریی سەر شەقامەكان بۆ تۆماركردنی خێرایی ئۆتۆمبێل، درابێتە كەرتی تایبەت.

لیوا عەبدولقادر عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆ، ئەمڕۆ بە پەرەگرافی وت "تا ئێستا كامێرای چاودێری نەدراوەتە كەرتی تایبەت، ئەگەر ئەوە بكرێت، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆ و وەزارەتی ناوخۆوە دەكرێت، بەڵام تا ئێستا نەكراوە".

لەبارەی لێدوان و زانیاریی پەرلەمانتاران كە دەڵێن كامێرای چاودێریی دراوەتە كەرتی تایبەت، لیوا عەبدولقادر وتی "ئەوەی پەرلەمانتاران دەیڵێن، من ئاگاداری نیم و لە ڕابردووشدا باسی ئەو بابەتە كراوە، بەڵام تا ئەم ساتە نەدراوەتە كەرتی تایبەت".

ئەوە لە كاتێكدایە ماوەیەكە ژمارەیەك پەرلەمانتار هەڵمەتێكیان دژی پێدانی كامێرای چاودێری بە كەرتی تایبەت دەست پێ كردووە و ئەوان دەڵێن "بۆ ئەو مەبەستە گرێبەستە لە نێوان حكومەت و كۆمپانیایەك كراوە، لە قۆناغی جێبەجێكردندایە و لە سلێمانییەوە دەست پێ دەكات".