كەسوكاری خێزانەكەی چەمچەماڵ: تاوانبارەكە لە شوێنی ڕووداوەكە لەسێدارە بدرێت

08-05-2022 01:16

پەرەگراف

كەسوكاری خێزانەكەی چەمچەماڵ داوا دەكەن ئەو كەسەی پێنج ئەندامی خێزانەكەیانی لە ڕۆژی جەژندا كۆمەڵكوژ كرد، لە شوێنی ڕووداوەكەدا لەسێدارە بدرێت.

بنەماڵەی ئەحمەد حسێن تۆفیق ئەمڕۆ چوونە نووسنگەی پەرلەمانی كوردستان لە سلێمانی و یاداشتێكیان ئاراستەی سەرۆكایەتییەكانی هەرێم و حیزبەكان كرد.

لە یاداشتاكەدا هاتووە، لە ڕووداوەكەی ڕۆژی جەژندا پێنج ئەندامی خێزانەكەیان شەهید و سیانی دیكە بریندارن كە یەكێكیان تا ئێستا بێهۆشە.

جەختیشیان كردەوە پێویستە دۆسیەكە بە زوویی یەكلا بكرێتەوە و تەنیا یەك داواكارییان هەیە كە ئەویش جێبەجێكردنی سزای لەسێداردانە بەسەر تاونبارەكەدا لەو شوێنەی تاوانەكەی ئەنجام داوە.

عوسمان كریم سوارە، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بۆ میدیاكان وتی "یاداشتەكەیان بەرزدەكەینەوە بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان و لەوێیشەوە بۆ سەرۆكایەتییەكانی دیكە".

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی "دەبێت هەوڵی كەمكردنەوەی ئەم جۆرە تاوانانە لە كوردستان بدرێت، ئەوەش بەوە دەكرێت كە بەر بە دیاردەی داڵدەدانی تاوانباران بگیرێت، ئیتر لەلایەن حیزب یان كەسایەتییەكانەوە بێت".

عوسمان سوارە ئاماژەی بەوەیش دا كە هەندێك دەڵێن چوار كەس لە ڕووداوەكەدا شەهید بوون، بەڵام وتی "یەكێك لە ئافرەتەكان دووگیان بووە و منداڵەكەیشی شەهید بووە".