سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا تووشی كۆرۆنا بوو

27-03-2020 03:29


پەرەگراف

ئەنجامی پشكنینی تەندروستیی بۆریس جۆنسۆن سەرۆك وەیزانی بەریتانیا پۆزەتیڤ بوو، دەركەوت تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنایە.

جۆنسۆن لە تویتەر تووشبوونی بە كۆرۆنا ڕاگەیاندو دەڵێت: خۆی كەرەنتینە كردووە، بەڵام لە كارەكانی بەردەوام دەبێت‌و لە ڕێی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە كارەكانی ئەنجام دەدات‌و شەڕ لەگەڵ ڤایرۆسەكە دەكات.

لە بەریتانیا زیاتر لە 11 هەزارو 600 كەس تووشی كۆرۆنا بوون، لەناویاندا شازادە چارلز شازادەی جێنشین هەیەو یەكەم ئەنجامی خێزانەی شاهانەیە كە تووشی ڤایرۆسەكە بووە.

تائێستا 578 كەس لە بەریتانیا بە كۆرۆنا مردوون.

ڤایرۆسەكە لە دونیادا بەردەوامە لە تەشەنەكردن‌و زیاتر لە نیو ملیۆن كەس تووشی بوون، ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا لە ئەمریكا 82 هەزاری تێپەڕاند، بەوەش بوو بە یەكەم وڵات لە دونیادا كە زۆرترین تووشبووی كۆرۆنای هەیەو پێش چین كەوت كە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەیەو 81 هەزارو 782 تووشبووی هەیە.

لە دوای ئەمریكاو چین ئیتاڵیا دێت لە زۆریی ژمارەی تووشبوون كە زیاتر لە 80 هەزارو 500 حاڵەتی هەیە، بەڵام لە زۆریی ژمارەی مردن ئیتاڵیا پلەی یەكەمی هەیەو 8 هەزارو 215 كەسی بەوڤایرۆسە مردووە ئەوەش زیاترە لە دوو ئەوەندەی چین كە پلەی سێیەمی هەیەو 3 هەزارو 169 كەسی مردووە، لە نێوان ئیتاڵیاو چین لە ژمارەی مردن، ئیسپانیا دێت كە پلەی دووەمی هەیە بە نزیكەی 5 هەزار حاڵەتی گیان لەدەستدان بەو ڤایرۆسە.