وتەبێژی پارتی: شاندی سێ لایەنەكە زنجیرەیەك كۆبوونەوە بۆ چارەسەری كێشەكان ئەنجام دەدەن

08-05-2022 02:14

پەرەگراف

وتەبێژی پارتی دیموكرات ڕایگەیاند "لە سبەینێوە زنجیرەیەك كۆبوونەوە لە نێوان شاندی هەرسێ لایەنی (ڕەوتی سەدر، پارتی دیموكرات، هاوپەیمانیی سەروەری) دەست پێ دەكرێت بۆ كرانەوەی ئەو داخراوییە سیاسییەی لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی عێراقدا دروست بووە".

مەحموود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكرات، دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی حیزبەكەی ڕایگەیاند، هاوپەیمانیی سێقۆڵی لە كۆبوونەوەكاندا "ڕێكدەكەون بۆ هەنگاونان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان".

سەبارەت بە كۆنگرەی 14ی پارتیش كە چەند جارێك وادەی ئەنجامدانی دواخراوە، مەحموود محەمەد وتی "دەسەڵات بە مەكتەبی سیاسی دراوە ئەو لیژنانە دروست بكات كە بۆ كۆنگرە پێویستن، لە هەفتەی داهاتووەوە ڕێكارەكان دەست پێ دەكەن و لە مانگی 10 یان 11 كۆنگرە دەكەین".

وتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوەش كرد كە هەر لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیدا شوێنی هەریەك لە (فەرەیدون جوانڕۆیی، ڕۆژ نووری شاوەیس‌، ڕەمزی شەعبان) كە كۆچی دواییان كردووە، بە (ئاكۆ، بڵند، قادر قادر) پڕ كراونەتەوە، كە ئەو كەسانە ئەندامی یەدەگی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی بوون.

دەربارەی كێشەكانی بەردەم كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستانیش، وتەبێژی پارتی ڕەتی كردەوە بیریان لە بژاردەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان كردبێتەوە و ڕایگەیاند "ئەوە دوابژاردەیە".

مەحموود محەمەد وتیشی "پەرلەمانی كوردستان تەنیا بۆ پرسی هەڵبژاردن نییە، حكومەت بۆ پرۆسەی چاكسازیی خۆی پێویستی بە كۆمەڵێك پرۆژەیاسا هەیە، بۆ ئەوەی كارەكان پەرلەمان ڕانەوەستێت، پێمان باشە ئەو ئاستەنگانەی كە هەن چارەسەر بكرێن".

"پێمان باشە لەسەر ئاستێكی باڵا لەگەڵ یەكێتی كۆبوونەوە بكەین، باش نییە پارتی‌ و یەكێتی ‌و گۆڕان لە ڕاگەیاندنەكانەوە قسە لەگەڵ یەكتردا بكەن"، وتەبێژی پارتی وای وت.