لە سلێمانی خۆپیشاندانە بۆ مووچەی مانگی سێ؛ حكومەت لە هەولێر لیستی مووچەی مانگی چواری ڕاگەیاند
پەرەگراف
لە سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین، خۆپیشاندان و بایكۆتی دەوام بۆ مووچەی مانگی سێ بەردەوامە، وەزارەتى داراییش لیستى دابەشکردنى مووچەى مانگى چوارى ڕاگەیاند.
مامۆستا و فەرمانبەرانی زانكۆ و بەشێك لە فەرمانگەكانی دیكە و خانەنشینان، لە ئیدارەی سلێمانی ھێشتا مووچەی مانگی سێیان وەرنەگرتووە و ئەمڕۆ لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دەوامدا خۆپیشاندان و بایكۆتی دەوامیان دەست پێ كرد.
مامۆستا و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی لەبەردەم زانكۆ گردبوونەوە و بۆ ماوەیەك شەقامی سەرەكی سلێمانی-تاسڵوجەیان داخست و دەڵێن "درێژە بە ناڕەزایی دەدەن لەپێناو مووچەكانیان و ڕۆژانە بۆ ماوەیەك شەقامی بەردەم زانكۆ دادەخەن".
مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆ هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێكاری نوێ دەكەن، لەوانەش بایكۆتی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی وەرزی خوێندن.
ئەو مووچەخۆرانە دەبێت لە داھاتی ناوخۆی سلێمانی مووچەیان پێ بدرێت، بەڵام بە پاساوی كەمیی داھات و نەبوونی پارەی پێویست، مووچەیان پێ نەدراوە.
ئەمە لە كاتێكدایە ئەمڕۆ وەزارەتى دارایى حکومەتى هەرێم لیستى نوێى مووچەى ڕاگەیاند و لە سبەینێوە بە وەزارەتى تەندروستى دەست بە دابەشکردنى مووچە دەکرێت.
بەپێى لیستەکە، دابەشکردنى مووچەى مانگى چوار، سێ هەفتەى پێ دەچێت و چاوەڕوان دەکرێت هەمان کێشەى مووچەى مانگى سێ ڕووبەڕووى ئیدارەى سلێمانى ببێتەوە.