خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆ و سەرەی خانەنشینان بۆ مووچە لە سلێمانی بەردەوامە
پەرەگراف
خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆ و سەرەی خانەنشینان بۆ مووچەی مانگی سێ لە سلێمانی بەردەوامە، لە لایەكی دیكەش حكومەت دەستی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی چوار كردووە.
مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆ لە بیەاننامەیەكدا داوایان كرد كە "كۆتایی بە گاڵتەجاڕی و گەمەی سیاسی لە دابەشكردنی مووچەدا بهێنرێت و 30 ڕۆژ جارێك مووچە دابەش بكرێت".
هەروەها جەختیان كردەوە كە دەبێت هەژمارێكی بانكی بۆ گەڕاندنەوەی مووچە پاشەكەوتكراوەكان بكرێتەوە.
ئەمڕۆیش مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانۆ لەبەردەم هەردوو كەپی كۆن و نوێی زانكۆی سلێمانی گردبوونەوەیان ئەنجام دا و بۆ ماوەیەك شەقامی سەرەكیی بەردەم زانكۆیان داخست.
خانەنشینانیش كە لە هەفتەیەك بەر لە جەژنەوە ڕۆژانە لە بەرەبەیانەوە سەرە بۆ وەرگرتنی مووچە دەرگرن، تا ئێستا هێشتا بەشێكیان مووچەی مانگی سێیان وەرنەگرتووە و ئەمڕۆیش پاش چەند كاتژمێرێك لە سەرەگرتن بۆ مووچە، هەندێكیان بە بێهیوایی گەڕانەوە ماڵەوە.
لە لێدوانیاندا بۆ پەیامنێری پەرەگراف، خانەنشینان نیگەرانیی و تووڕەییان بەرانبەر بارودۆخی سەختی وەرگرتنی مووچە نیشان دا و باسیان لەوە كرد كە چەندین جار بۆ وەرگرتنی مووچە دێنە بەردەم بانكەكان و پاش چەند كاتژمێر لە سەرەگرتن، مووچەیان پێ نادرێت، لە كاتێكدا بەشێكیان لە شوێنی دوورەوە دێن و پارەیەكی زۆر لە كرێی هاتوچۆدا خەرج دەكەن.