یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە هەولێر تۆمار کرا

10-05-2022 02:05

پەرەگراف

یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە پەتای تای خوێنبەربوون لە هەولێر تۆمار کراو کە دانیشتوویەکی شارەکەیە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر ڕایگەیاند "ئەمڕۆ یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون تۆمار کرا. هاووڵاتییەکە خەڵکی شاری هەولێرە و تەمەنی (١٧)ساڵە، لە ئێستادا لەژێر چاودێریی پزیشکدایە".

سەرەتای ئەم هەفتەیە حاڵەتێکی گومانلێکراوی تووشبوون بەو پەتایە لە هەولێر تۆمارکرا کە منداڵێکی خەڵکی بەغداد بوو، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر دەڵێت "حاڵەتە گومانلێكراوەكەی تای خوێنبەربوون لە نەخۆشخانەی ڕاپەڕین، پشكنینەكەی دەرچووە و دەركەوتووە كە تووشی پەتاكە نەبووە."

تای خوێنبەربوون پەتایەكی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ و پاشان لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. تا ئێستا نزیكەی ٦٠ كەس لە عێراق تووشی ئەو پەتایە بوون و ١٢ كەس گیانیان لەدەست داوە.

دكتۆر سەرخێڵ ئاراس، پسپۆڕی تەندروستیی گشتی، لەبارەی نەخۆشییەكەوە لە گفتوگۆیەكدا بۆ پەرەگراف وتی "تای خوێنبەربوون نەخۆشییەكی ڤایرۆسیی گوازراوەیە كە لە ڕێگەی ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. لە 40%ی ئەو كەسانەی تووشی دەبن، ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە".

سەبارەت بە نیشانەكانی نەخۆشییەكەیش، دكتۆر سەرخێڵ ئاراس وتی "نەخۆشەكە تایەكی بەرزی دەبێت، هەموو جەستەی ئازاری هەیە، بەتایبەت ئازار لە پشت و ملی دروست دەبێت، لەوانەیە نەخۆشەكە تووشی سكچوون و ڕشانەوە ببێت، لە قۆناغەكانی كۆتاییشدا خوێنبەربوون لە دەم و لووت و هەندێك جاریش لە چاو و گوێچكەیەوە دەست پێ دەكات".

گفتوگۆی پەرەگراف لەگەڵ دکتۆر سەرخێڵ