خۆپیشاندان بۆ مووچەی مانگی سێ‌ بەردەوامە؛ بەڕێوەبەری بانك: ئەو پارەی هاتووە بۆ مووچەی مانگی چوارە

10-05-2022 08:45
داخستنى شاڕێی سەرەكیی هاتن و دەرچوون لە سلێمانى لەلایەن قوتابیان، مامۆستایان و فەرمانبەرانى زانکۆى سلێمانییەوە، ١٠-٥-٢٠٢٢

پەرەگراف

خۆپیشاندان بۆ مووچە لە چەند ناوچەیەكی ئیدارەی سلێمانی بەردەوامە و هێشتا چەند وەزارەتێك و بەشێك لە خانەنشینان مووچەی مانگی سێیان وەرنەگرتووە. پارەیش لە بانكەكانی سلێمانی هەیە، بەڵام بەڕێوەبەری بانك دەڵێت: هی نەوتە و ناتوانن بیدەن بە مووچەی مانگی سێ.

ئەمڕۆ خۆپیشاندانی مامۆستا و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی فراوانتر بوو، دەرگای زانكۆ داخرا و خوێندكاران بۆ پشتیوانیی ناڕەزاییەكان داوای دەرماڵەی مانگەكانی سێ و چوار چوونە سەر شەقام هاوشانی مامۆستا و فەرنبەران نزیكەی سێ‌ كاتژمێر شاڕێی سەرەكیی هاتن و دەرچوون لە شارەكەیان داخست.

بەهۆی داخستنی ڕێگاكەوە گرژیی لە نێوان شۆفێران و خۆپیشاندەران دروست بوو، بەڵام خۆپیشاندەران سوورن لەسەر گرتنی ڕێگا و درێژەدان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە ڕۆژانی داهاتوودا بۆ بەدەستهێنانی مافەكانیان.

لە چەمچەماڵیش مامۆستاو فەرمانبەرانی زانكۆی چەرموو خۆپیشاندانیان بۆ مووچە ئەنجامداو بۆماوەیەك ڕێگای سەرەكی سلێمانی - كەركوك یان داخست.

ئەمە لە كاتێكدایە كە لە بانكەكانی سلێمانی پارەیە هەیە و دەستكراوە بە دابەشكردنی مووچەی مانگی چوار، بەڵام ئەو پارەیە نادرێت بەو مووچەخۆرانەی مووچەی مانگی سێیان وەرنەگرتووە.

عەبدولڕەحمان ساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی بانكی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی، ڕایگەیاند، ئەو پارەیەی ئێستا لەبەردەستیاندایە و دابەشی دەكەن، پارەی نەوتە و لە هەولێرەوە هاتووە بۆ مووچەی مانگی چوار، ناتوانن بۆ مووچەی مانگی سێ خەرجی بكەن.

بەڕێوەبەری بانكی ناوەندی هەرێم وتیشی، بەشێك لە مووچەی مانگی سێ كە ماوە دەبێت لە داهاتی ناوخۆ بدرێت، ئەوانیش ڕۆژانە داهاتی ناوخۆ كۆدەكەنەوە و دابەشی دەكەن.