مەسرور بارزانی دەڵێت حکومەتەکەی بەرپرس نییە لەوەی کە مووچەی لە سلێمانی دابین نەکردووە

11-05-2022 02:15

پەرەگراف

مەسرور بارزانی کورتهێنانی مووچە لە سلێمانی بۆ نەگەڕانەوەی داهاتی ناوخۆ دەگەڕێنێتەوەو دەڵێت: حکومەتی هەرێم ئەوەی لەسەریەتی کردوویەتی و بەرپرس نییە کە مووچەی لە سلێمانی دابین نەکردووە.

سەرۆکی حکومەت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "داهاتی ناوخۆ لە سنووری سلێمانی لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا زیاتربووە، داوا لە بەرپرسانی ئیداریی سلێمانی دەکەم کە بێن بۆم ڕوونبکەنەوە هۆکاری کەمبوونەوەی داهات چییە؟".

مەسرور بارزانی ڕەخنەی لە بەرپرسانی سلێمانی گرت و وتی "ناکرێت بەرپرسی ئیداریی بکەوێتە ژێر هەژموونی تاکە لایەنێک و بەرنامەی حکومەت جێبەجێ نەکات، ناکرێ حکومەت بەرپرس بێت، بەڵام دەسەڵاتی نەبێت، حکومەت بەرپرسە لەو کاتەی دەسەڵاتی هەبێت بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی خۆی".

وتەکانی سەرۆکی حکومەت لەکاتێکدایە لە سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین خۆپیشاندان و بایکۆتی دەوام بۆ موچەی مانگی سێ بەردەوامە.

مامۆستاو فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی جیاواز لە ڕۆژانی ڕابردوو بە خۆپیشاندان چوونە بەردەم بینای پارێزگاو ویستیان ناڕەزاییەکانیان ببەنەبەردەم نوسینگەی قوباد تاڵەبانی بەڵام ھێزە ئەمنییەکان ڕێگەیان پێنەدان.

لە ھەڵەبجەو ڕاپەڕینیش خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەردەوامەو  لە بەردەم بانکەکان گرژیی لە نێوان مووچەخۆراندا دروست بوو، مووچەخۆرانی خۆپیشاندەر ڕێگرییانکرد لە دابەشکردنی موچەی مانگی چوار لەکاتێکدا بەشێک لە وەزارەتەکان و خانەنشینان مووچەی مانگی سێیان وەرنەگرتووەو دوایان دەکرد ئەو پارەیەی کە ھەیە بدرێتە ئەوان.