
پەرەگراف
وەزارەتی داراییو ئابوریی ڕوونكردنەوەیەك لە بارەی مووچەو زانیاریی چەند پەرلەمانتارێك بڵاو دەكاتەوە، ئەوەش دەخاتە ڕوو، دابەشكردنی مووچە لە ڕێی ئاسیا حەواڵەوە ڕەتكراوەتەوە.
دەقی ڕوونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی
لەم دۆخە نەخوازراوە كە پێویستە هەموو لایەك بە جیاوازی ئینتیمای سیاسیەوە، هاوكاربن و وەك یەك تیم كاربكەین بۆ ئەوەی میللەتەكەمان بە كەمترین زیان رزگاری بێت، بەداخەوە هەندێك كەس بەمەبەست لە مەترسی ئەو دۆخە تەندروستی و داراییە خۆیان نادان دەكەن و هەوڵی بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست و چەواشە دەدەن و یاری بە هەست و سۆزی هاوڵاتیان دەكەن. بە پێویستمان زانی روونكردنەوە لەسەر دوو هەواڵی هەڵبەستراو بدەین كە بریتیین لە:
١- لەماوەی هەشت مانگی دەستبەكاربوونمان لەكابینەی نوێدا هەشت مانگ مووچەمان دابەشكردووە، وە هەروەها بەغداش هەشت مانگ تەمویلی ناردوە لەو ماوەیەدا بۆ مووچە (لە ساڵی ٢٠٢٠ تەنها سێ تەمویلی ناردووە، وە ئێمەش سێ مانگ موچەمان لە ساڵی ٢٠٢٠ دابەشكردووە، وە بە بڕوایەكی تەواوەوە دەڵێین نە حكومەتی بەغدا ئامادەیە موچەی زیاد بنێرێت بۆ هەرێم، وە یاسای بودجەی عێراقیش رێگرە لەوەی هیچ موچەیەكی زیاد خەرج بكرێت). بەڵام بەرێزێك ئاماژە بەوە دەكات كە لە ماوەی ٢٣ رۆژدا بەغدا دوو مووچەی بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە، بەڵام ئەو بەرێزە ئاماژە بەوە ناكات، كە بەشێكی زۆری وەزارەت و دامەزراوەكان موچەی مانگی ١١ ی ٢٠١٩ یان لە رۆژانی نێوان ٢ بۆ ٧-٣-٢٠٢٠ وەرگرتووە، وە خشتەی دابەشكردنی موچەی مانگی ١٢ی ٢٠١٩ لە رۆژی ٩-٣-٢٠٢٠ دەستی پێكرد. دەبوایە بەرێزیان ئاماژەیان بەوە بكردایە كە تەمویلی بەغدا هی مانگی رابردوو دواكەوت بۆ بەرواری ٢-٣-٢٠٢٠ وە هەروەها تەمویلی مانگی ٣ دواكەوت بۆ ٢٦-٣-٢٠٢٠ كە هەردوو نووسراوی تەمویلی مانگی ٢ هەروەها مانگی ٣ ی ٢٠٢٠ كە ئێمە مووچەی مانگی ١١ و ١٢ ی ٢٠١٩ پێ دابەشدەكەین هاوپێچ دەكەین لەگەڵ ئەم روونكردنەوەیە بۆ ئەوەی راستیەكان وەك خۆیان بگەن بە هاوڵاتیانی ئازیزی خۆمان.
٢- لەماوەی رابردوودا لە لایەن بەرێز خاوەنی ئاسیا حەواڵەوە پێشنیارێك دراوە بە بەرێز پارێزگاری سلێمانی، ئەویش بەرزی كردۆتەوە بۆ وەزارەتی دارایی وئابووری و ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی مووچە لە رێگای ئەوانەوە دابەش بكرێت، بەڵام ئەم پێشنیارە لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پەسەند نەكراوەو رەتكراوەتەوە، وە هەروەها بەرێز پارێزگاری سلێمانی و خاوەنی ئاسیا حەواڵە لەو بریارە ئاگاداركراونەتەوە، بەڵام ئەم بابەتەش لە لایەن ئەو بەڕێزەوە بە شێوەیەكی نەشیاو بڵاوكراوەتەوە بە بێ ئەوەی پرسیار لە لایەنی تایبەتمەند بكات كە وەزارەتی دارایی و ئابورییە بۆ راستی و دروستی بابەتەكە.
لە كۆتاییدا هیواخوازین لە نزیكتریین كاتدا ئەم قەیرانی ڤایرۆسی كۆرۆنایە كۆتایی پێبێت بۆ ئەوەی بتوانین بەپشتیوانی خوای گەورە هەنگاوی گرنگ لە پرۆسەی چاكسازی و پەرەپێداندا بنێین. وە دڵنیایی دەدەیین بە مووچە خۆرانمان كە هەموو توانایەكمان بەكاردەهێنین بۆ دابینكردنی مووچە، وە ئەوەش دوپات دەكەینەوە كە بەرێز وەزیری دارایی و ئابووری پێشنیاری دەستكاریكردنی موچەی نەكردووە، وە هەروەها یاساش دەسەڵاتی دەستكاریكردنی مووچەی نەداوە بە وەزارەتی دارایی و ئابووری.