دوای زنجیرەیەک خۆپیشاندان و ناڕەزایی پارە بۆ مووچەی مانگی سێ لە سلێمانی دابینکرا

12-05-2022 02:39
گەیاندنی پارە بۆ بانکەکانی سلێمانی بۆ مووچەی مانگی سێ. وێنە؛ بڕیار نامیق/ ١٢-٥-٢٠٢٢

پەرەگراف

لە سلێمانی کۆتایی بە قەیرانی مووچەی مانگی سێ هێنراو دوای زنجیرەیەک خۆپیشاندانی مووچەخۆران کە ئەمڕۆش بەردەوام بوو، پارەی پێویست بۆ مووچەی ئەو مانگە دابین کرا.

عەبدولرەحمان ساڵح بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی بە پەرەگرافی وت "سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان تا ئێوارەی ئەمڕۆ مووچەی مانگی سێیان پێدەدرێت و هەفتەی داهاتووش مووچەی مامۆستایانی وانەبێژو دەرماڵەی خوێندکاران دابەش دەکرێت".

پەرەگراف پرسیاری بڕی پارەکەو چۆنیەتی دابینکردنی کرد، بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی بڕەکەی ئاشکرا نەکردو وتی "ناڵێین حیزب دابینی کردووە، بەڵام ئیتر پارەیەو هاتووە".

بەشێک لە فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی شارەوانی، ڕۆشنبیری، خوێندنی باڵاو کارەبا لە ئیدارەی سلێمانی تا ئەمڕۆ مووچەی مانگی سێیان پێنەدرا لە کاتێکدا حکومەت دەستی کردووە بە دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار.

ئەو وەزارەتانە دەبێت لە پارەی داهاتی ناوخۆ مووچەیان پێ بدرێت، بەڵام بەرپرسانی سلێمانی دەڵێن داهاتیان کەمی کردووەو کورتهێنانیان هەیە، بۆئەوەش پارتی تۆمەت ئاڕاستەی یەکێتی دەکات لەبارەی "دیارنەمانی پارەی داهاتی ناوخۆ".