پەرەگراف
بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتیی ناوخۆی بنەماڵەیەك لە گوندێكی سەر بە ناحیەی ڕزگاری، چوار كەس كوژران كە سیانیان كوڕ و باوكن.
كامەران حەسەن بانیمارانی، بەڕێوەبەری ناحیەی ڕزگاری (تۆپزاوە)ی سەر بە قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "لە گوندی كەوڕەبەن شەڕ لە نێوان بەرەی دوو برا ڕووی داوە، بەهۆیەوە یەكێك لە براكان و دوو كوڕی كوژراون و لە لایەنی بەرانبەریش كوڕێكی براكەی دیكە كوژراوە".
هەر لە ڕووداوەكەدا دوو كەسی دیكە بریندار بوون. هەروەها ئەو باوك و دوو كوڕەی كە كوژراون، لەو خێزانە بوون كە ئێستا لە گوندەكە نیشتەجێن.
بەڕێوەبەری ناحیەی ڕزگاری بە پەرەگرافیشی وت "ئەم دوو برا پێشتر لە گوندەكەدا دراوسێ بوون، كە پێكنەهاتوون، برایەكیان باری كردووە بۆ ناحیەی ڕزگاری (تۆپزاوە)، ئەمڕۆ هەینی بە سەردان چوونەتەوە گوندەكە و تووشی دەمەقاڵێ بوون".
هێزە ئەمنییەكان بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە چوونەتە گوندەكە و كامەران حەسەن دەڵێت "دوو تۆمەتباری شەڕەكە هەڵاتوون".