تەرمی پێنج هاووڵاتییەكەی ڕووداوەكەی گوندی كەوڕەبەن بە خاك سپێردران

14-05-2022 01:43
گوندى کەوڕەبەن سەر بە ناحیەی ڕزگاری (تۆپزاوە)، لە قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر

پەرەگراف

تەرمی پێنج هاووڵاتییەكەی ڕووداوەكەی گوندی كەوڕەبەن لە زێدی خۆیان بە خاك سپێردران.

بەیانیی ئەمڕۆ پاش پاش وەرگرتنەوەی تەرمی ئەو هاووڵاتییانە لە پزیشكی دادی، لەلایەن كەسوكاریانەوە، هەر پێنج تەرمەكە برانە مزگەوت و نوێژیان لەسەر كرا و دواتر نێژران.

كاتژمێر 7:30 خولەكی ئێوارەی دوێنێ‌، لە گوندی كەوڕەبەنی سەر بە ناحیەی ڕزگاری (تۆپزاوە) لە قەزای خەباتی پارێزگای هەولێر، شەڕ لە نێوان دوو برا و كوڕەكانیان دروست بووە، بەهۆیەوە پێنج كەس كوژران و دوانی دیكە بریندار بوون.

چوار لە كوژراوەكان باوكێك و سێ‌ كوڕن، لە لایەنی بەرانبەریش كەسێك كوژراوە و دوان بریندار بوون.

پۆلیسی هەولێر دەڵێت، شەڕەكە لەسەر كێشەیەكی كۆنی زەوی بووە و هەردوولا پێشتر سكاڵایان تۆمار كردووە و پەڕاوەكانیان لە دادگایە.

"لە لایەنی یەكەم (ا. ر. پ.) و (ا. ا. ر.) و (ز. ا. ر.) و (س. ا. ر.) و لەلایەنی دووەم (ف. ح.) كوژراون، دوو تۆمەتباریش بە ناوەكانی (ف. ح.) و (ن. ح.) كە زامدار بوون، بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادان دەستگیر كراون"، پۆلیسی هەولێر وا دەڵێت.

شەوی ڕابردوو، كامەران حەسەن بانیمارانی، بەڕێوەبەری ناحیەی ڕزگاری (تۆپزاوە)ی سەر بە قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ئەم دوو برا پێشتر لە گوندەكەدا دراوسێ‌ بوون، كە پێكنەهاتوون، برایەكیان باری كردووە بۆ ناحیەی ڕزگاری (تۆپزاوە)، ڕۆژی هەینی بە سەردان چوونەتەوە گوندەكە و تووشی دەمەقاڵێ‌ بوون".