مەزڵوم كۆبانێ پێشوازی لە بڕیاری ئەمەریكا بۆ ڕێگەدان بە وەبەرهێنانی بیانیی لە ڕۆژئاوای كوردستان دەكات

14-05-2022 05:22
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات

پەرەگراف

بڕیارەكەی ئەمەریكا بۆ ڕێگەدان بە وەبەرهێنانی بیانی لە ڕۆژئاوای كوردستان، پێشوازیی لێ كرا و بە هەنگاوێك بۆ بووژانەوەی ئابووری لەقەڵەم درا.

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات، ڕایگەیاند "مۆڵەتەكەی ئەمەریكا بەرز دەنرخێنن بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخان و پشتیوانیی ئابووری. پێشوازی لە هەموو كۆمپانیاكان دەكەین بۆ وەبەرهێنان لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای كوردستان)".

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكا ڕۆژی پێنجشەممە ڕەزامەندیی دا كە ڕێگە بە چالاكی لە هەندێك كەرتی ئابووری دەدات لە ١٢ بواردا وەك؛ وزە، بازرگانی و تەندروستی، لە ناوچەكانی دەرەوەی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئەسەد لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

ڤیكتۆریا نولاند، ڕاوێژكاری كاروباری سیاسی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، ڕایگەیاند كە واشنتۆن مۆڵەتی لێخۆشبوون لە سزاكان بۆ ئەو كۆمپانیا بیانییانە دەردەكات كە لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا كار دەكەن.

ڕۆژی 12ی ئەم مانگە، ڤیكتۆریا نولاند دوای كۆبوونەوەی وەزیرانی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە مەغریب، ئاماژەی بەوەش كرد كە ساڵی ڕابردوو ئەمریكا لەگەڵ هاوبەشەكانی، ٤٥ ملیۆن دۆلاریان بۆ ئەو ناوچانەی سووریا دابین كردووە كە لەلایەن هەسەدەوە بەڕێوە دەبرێن و ئەمساڵیش دەیانەوێت ٣٥٠ ملیۆن دۆلار بۆ ئەو ناوچانە كۆبكەنەوە.

لە كاردانەوەدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، ئەو هەنگاوەی ئەمەریكای بە "هەڵە" ناو برد و وتی "ئەستەمە قبووڵی بكەین". ئەردۆغان جەختی كردەوە كە لای ئەوان "پەكەكە چی بێت، یەپەگەش ئەوەیە".