مووچەی مانگی سێ‌ لە داهاتی مانگی پێنج تەواو كراوە؛ ئەو مامۆستای دەرگای زانكۆی قوفڵدا دەستگیر كرا

14-05-2022 09:14
گەیاندنی پارە بۆ بانکەکانی سلێمانی بۆ مووچەی مانگی سێ. وێنە؛ بڕیار نامیق/ ١٢-٥-٢٠٢٢

پەرەگراف

لە سلێمانی داهاتی ناوخۆی مانگی پێنج بەكار هێنراوە بۆ مووچەی مانگی سێ و پەرلەمانتارێك دەڵێت: قەیرانی مووچە بەردەوام دەبێت. مامۆستا و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانیش كۆتاییان بە ناڕەزایەتییەكان نەهێناوە لە هەنگاوێكی نوێدا قوفڵیان لە دەرگای زانكۆ دا. ئەو مامۆستایەش كە قوفڵی لە دەرگای زانكۆ دا، لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر كرا.

دوای ٥٥ ڕۆژ لە وەرگرتنی مووچەی مانی دوو، ئەو وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییانەی سنووری ئیدارەی سلێمانی كە مووچەی مانگی سێیان وەرنەگرتبوو، لە داهاتی مانگی پێنج مووچەیان پێ‌ درا.

پەرلەمانتار دابان محەمەد دەڵێت "بەشێكی وەزارەت و بەڕیوەبەرایەتییەكان لە سلێمانی دەبێت چاوەڕێی كۆكردنەوەی داهاتی مانگی شەش بكەن بۆ ئەوەی مووچەی مانگی چواریان پێ بدرێت، بەوپێیەش قەیرانی مووچە بەردەوام دەبێت".

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت "دوێنێ هەینی وەزیری دارایی لە سلێمانی سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی كردووە لەگەڵ بانك و بەڕیوەبەرایەتییەكانی شارەكە، بۆ لێكۆڵینەوە لە كەمبوونەوەی داهات".

بە وتەی دابان محەمەد "دەبێت لە سەرچاوەی كۆكردنەوەی داهاتەوە كە خاڵە سنوورییەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانن، لێكۆڵینەوە بكرێت و بزانرێت ئەو داهاتە هەقیقییەی كە هەیە، سەرجەمی وەكوو خۆی دەگاتە بانكەكان یاخود نا".

هەرلەسەر قەیرانی مووچە لە سلێمانی، ناڕەزایی مووچەخۆران بەردەوامە و ئەمڕۆ مامۆستا و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی قوفڵیان لە دەرگای زانكۆ دا.

مامۆستا و فەرمانبەران دەڵێن، قوفڵدانی دەرگای زانكۆی سلێمانی لە بەرانبەر پێنەدانی مووچەكانیان لە وادەی خۆیدا و جێبەجێنەكردنی داواكارییەكانی دیكەیان، "هەنگاوێكی مەدەنیی ناچارییە و دەسەڵات وای كردووە ئەو هەڵویستە وەربگرین".

ئەو مامۆستایەی كە قوفڵەكەی لە دەرگای كەمپی كۆنی زانكۆ دا، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیر كراوە.

كەسێكی نزیكی مامۆستا زەنگین ئەبووبەكر، ئەو مامۆستایەی زانكۆ كە ئەمڕۆ قوفڵی لە دەرگای زانكۆی سلێمانی دا، بە پەرەگرافی وت "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ مامۆستا زەنگین لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیر كراوە و بڕیارە مامۆستایانی ھاوڕێی سەردانی ئاسایش بكەن و وەزیری خوێندنی باڵاش لەسەرخەتە بۆ ئازادكردنی".

هەرچەندە پێنجشەممەی ڕابردوو دوای زنجیرەیەك خۆپیشاندان و ناڕەزایی، مووچەی مانگی سێ بۆ مووچەخۆران لە ئیدارەی سلێمانی دابین كرا، بەڵام نادڵنیایی مووچەخۆران لە چارەسەری تەواوەتیی قەیرانەكە و پێدانی مووچەی مانگەكانی دیكە لە وادەی خۆیدا، وای كردووە ناڕەزاییەكان بەردەوام بن.

* دوای زنجیرەیەک خۆپیشاندان و ناڕەزایی پارە بۆ مووچەی مانگی سێ لە سلێمانی دابینکرا