٢٠٠ ملیارەكەی بەغداد گەیشتە هەرێم و خۆپیشاندان لە سلێمانی بۆ مووچە بەردەوامە

15-05-2022 11:39

پەرەگراف

ئەمڕۆیش لە سلێمانی، هەڵەبجە، ڕانیە و چەمچەماڵ، مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆ لەبەردەم زانكۆكاندا درێژەیان بە ناڕەزایەتی و بایكۆتی دەوام دا. هاوكات هەرئەمڕۆ ٢٠٠ ملیار دینارەكە لە بەغداوە گەیشتە هەرێمی كوردستان و بڕیارە بۆ مووچەی مانگی چواری فەرمانبەران خەرج بكرێت.

مامۆستایان جەختیان لە بەردەوامیی ناڕەزایەتییەكان تا جێبەجێكردنی داواكارییەكان كردەوە، كە دیارترینیان پێدانی مووچە لە وادەی خۆی و گەڕانەوەی شایستە داراییەكانی پێشوو و، دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانە.

بەپێی سەرچاوەیەكی تایبەتیش بۆ پەرەگراف، زەنگین ئەبووبەكر، ئەو مامۆستایەی زانكۆ كە دوێنێ‌ دەرگای زانكۆی سلێمانیی داخست، شەوی ڕابردوو ئازاد كراوە، بەڵام ئەمڕۆ بەشداریی خۆپیشاندانەكانی نەكردووە.

بەردەوامیی ناڕەزایەتییەكانی مامۆستا و فەرمانبەرانی زانكۆ لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ 60 ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایاندا تێپەڕی. بەشێكی زۆر لە مامۆستایان نیگەرانن لەوەی كە یەكێتییەكە نەیتوانیوە كێشەكانیان بۆ چارەسەر بكات.

لەو ساڵیاداشەدا سەرۆكی حكومەتی هەرێم پەیامێكی ئاراستەی یەكێتیی مامۆستایان كرد و تێیدا دەڵێت "سوپاسی مامۆستایانی كوردستان دەكەم كە سەرەڕای دۆخه نالەبار و سەختەكان، هەموو هەوڵێكیان دا بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن بەردەوام بێت".