
پەرەگراف
فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند لەبارەی ئەگەری دەستكاریكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەتووندی دژی هەنگاوێكی لەو جۆرەیەو چەند پێشنیارێك دەخاتە ڕوو بۆ باشكردنی دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان.
ڕاگەیەندراوی فراكسیۆنەكە
پێش دەست بردن بۆ موچەی هاوڵاتیان دەست بە گیرفانی خۆتاندا بكەن. .
ئاشكرایە كە دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، تەنگژەیەكی ئابوریی گەورەی لە ئاستی جیهاندا هێناوەتە كایەوە، كە بێگومان ئەمەش ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر ئابوریی عێراق بە هەرێمی كوردستانیش دروست ئەكات. بەتایبەت كە نرخی نەوت لە بازاری جیهانی بۆ ئاستێكی چاوەڕوان نەكراو دابەزیوە.
بە هۆی هاتنی پەتای كوشندەی كۆرۆناوە هاوڵاتیانی هەرێم ناچارن لە ماڵەكانی خۆیان بمێننەوە و خەڵكی كوردستان ئاستێكی بەرزی هوشیارییان پیشان داوە لەئاست دۆخەكە. لە هەمان كاتیش دا خەڵكی خێرخوازی هەرێم، بونەتە سەرمەشق لە ئاستی جیهان بۆ ڕوبەڕو بونەوەی ئاسەوارە ئابورییە خراپەكانی ئەم ڤایرۆسه لەسەر چینی هەژار و كەم دەرامەت. جێی خۆیەتی لێرەدا زۆر سوپاس كادری تەندروستیی هەرێم و حكومەتە خۆجێییەكان بە هەمو دەزگاكانییەوە بكەین بۆ بەجێهێنانی ئەركەكانیان بە باشترین شێوە.
ئا لەم ساتەوەختەدا حكومەتی هەرێم لەبری ئاوڕدانەوە لە موچەخۆران و كاسبكاران و خەڵكی كەمدەرامەت و هەژار و مشور خواردنی ژیانی ڕۆژانەیان، دڵەڕاوكێیەكی تر بۆ سەر خەم و نیگەرانییەكانی خەڵك دروست ئەكات و ئەیەوێت لەڕێی دەستكاری كردنی موچەی موچەخۆران، باری لاری ئابوریی هەرێم ڕاست بكاتەوە.
هەمو دەزانین كە ئەم قەیرانە پێویستی بە چارەسەری بە ئازار هەیە. بەڵام ڕێی چارەسەری دروست، نەهێشتنی گەندەڵی و هێنانەكایەی شەفافییەت و ڕاستگۆییە لەگەڵ هاونیشتیمانیان.
لەم ڕوەوە ئەم پێشنیارانە دەخەینە ڕو:
١. بە زوترین كات وەفدی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بكات بۆ ئەوەی ڕێكەوتن بكرێ لەسەر جێبەجێكردنی ڕێكەوتنەكەی كۆتایی ساڵی ڕابردو تا دەرچونی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠.
یان لانیكەم هەرێم بەپێی یاسای بودجەی ٢٠١٩بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە تەسلیمی بەغدا بكات بۆ ئەوەی لەبری تەنها موچە هەمو بەشە بودجەی هەرێم لە بەغداوە بگاتە هەرێم.
٢. پێویستە هەڵمەتێكی بەرفراوانی چاكسازیی ڕیشەیی لە هەرێم ئەنجام بدرێ لەپێناو نەهێشتنی گەندەڵی و موچەی بندیوار و خانەنشینی نایاسایی.
٣. بە زویی سەرجەم قەرزی حكومەت لای كۆمپانیاكان وەربگیرێتەوە. هەروەها هەمو ئەو لێخۆشبونە نایاساییانەی لە باجی كۆمپانیاكان كراون هەڵبوەشێنرێتەوە و بەپێی یاسا بەركارەكان بێ ئاوارتەكردن باج بەسەر هەمو كۆمپانیاكان بسەپێنرێ.
٤. پێویستە لێكۆڵینەوە لەو ٢٥٠ ملیۆن دۆلارە بكرێ كە بەپێی ڕاپۆرتی میدیا جیهانییەكان وەك شیرینی لە روسنەفت وەرگیراوە، كێ وەریگرتوە و بگەڕێنرێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت.
هەروەها حكومەت ڕونكردنەوە بدات لەسەر ئەو یەك ملیار دۆلارەی كە لە بانكەكانی لوبنان دەستی بەسەرداگیراوە و هەوڵبدرێ بگەڕێنرێتەوە خەزێنەی حكومەت.
٥. پێویستە سندوقی داهاتە نەوتی و گازییەكان دروست بكرێ و داهاتی ناوخۆیی شەفاف بكرێ و قاچاخی و سەرانە سەندن لە خاڵە سنورییەكان كۆتایی پێبهێنرێ.
٦. پێویستە موچەی سەرجەم موچەخۆرانی هەرێم بكرێتە سیستمی بانكی و لەو ڕێیەوە گەندەڵی و موچەی بندیوار بنەبڕ بكرێ و قەیرانی نەبونی سیولەی نەقدی لە هەرێم چارەسەر بكرێ و بە شێوەی تەندروست موچە مانگانە دابەش بكرێت.
لە كۆتاییدا دوپاتی ئەكەینەوە بەشداریی گۆڕان لە حكومەتی هەرێم لەپێناوی هێنانەكایەی چاكسازیی ڕاستەقینە و بنبڕكردنی گەندەڵی و هێنانەكایەی دادی كۆمەڵایەتی بوە نەك بەشداریكردن لە بڕینی قوتی خەڵك، دژی ئەوەین لەژێر هیچ پاساوێكدا موچەی فەرمانبەران كەمبكرێتەوە و دەسكاری بكرێت. هەڵبەت حكومەتی هەرێم دەسەڵاتی دەسكاریی موچەی نیە كە بەپێی یاسا ڕێكخراوە.
فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٢٧/ ٣/ ٢٠٢٠