باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق: پارتی و یەکێتی و ھەولێر و بەغداد کێشەکانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن

16-05-2022 12:07

پەرەگراف

باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق هۆشداریی دەدات کە قەوارەی هەرێمی کوردستان مەترسیی لەسەرەو داوادەکات پارتی و یەکێتی لەلایەک، ھەردوو حکومەتی ناوەندو ھەرێم لەلایەکی دیکە بەتایبەت لە پرسی نەوت و گاز بە گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

ماسیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسی دەزگاکانی ڕاگەیاندن کە پەرەگراف ئامادەی بوو، وتی، هاوڕایە لەگەڵ وتەکانی ساڵی ڕابردووی جینین بلاسخارت نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق کە قەوارەی هەرێمی کوردستانمەترسیی لەسەرە، ئەوەش لەسەر ئاستی ناوخۆ و ناوچەیی.

باڵیۆزی ئەمەریکا کە چەند ڕۆژێکی ماوە لە عێراق و ئەرکەکەی کۆتایی دێت، داوای لە پارتی و یەکێتی کرد بە گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر بکەن تا هەرێمی کوردستان ببێتە نمونە بۆ حوکمڕانییەکی باش لە ناوچەکەدا، وتیشی، پەیامی ئەوان ڕوونە کە پێویستە هیچ هێرش و توندوتیژییەک ڕوونەدات.

تولەر وتی "بنەماکانی ئەمریکا ئەوەیە کە مەسەلەی هەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسی پێویستە گرنگ بێت و ڕێز لە یاسا بگیرێت و جیاوازییە سیاسییەکان بە ڕێگای ئاشتییانە چارەسەر بکرێن و پەنا بۆ توندوتیژی نەبەن. پێموایە زۆرێک لە عێراقییەکان لەسەر ھەمان ئەم بۆچوونانەن".

باڵیۆز نیگەرانی خۆی دەربڕی لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی درێژخایەنی عێراق و گوتی واشنتن پێویستی بە "حکومەتێک هەیە کە بتوانین کاری لەگەڵ بکەین" و "گەلی عێراق حکومەتێکی دەوێت کە خزمەتگوزاری سەرەکی دابینبکات، پەروەردە، چاودێری تەندروستی، ئاسایش".

لە وەڵامی پرسیارێکی پەرەگراف سەبارەت بەو چاوەڕوانییانەی لە ئەمەریکا ھەن بۆ فشاری زیاتر لەسەر حکومەتی ھەرێم بە ئاڕاستەیچاکسازیی و حکومڕانییەکی باش و پابەندبوون بە ماف و ئازادییەکان، باڵیۆزی ئەمەریکا ئاماژەی بە دواین ڕاپۆرتی ساڵانەی مافی مرۆڤیوڵاتەکەی کرد کە تیشکی خستووەتەسەر ئەو پرسانە.

"ئێمە دەستکەوتەکان و پێشکەوتنەکان دەبینین کە بوونیان هەیە، بەڵام هەروەها سەرنج دەخەینەسەر ئەو بابەتانەی کە هەست دەکەین نەبوونی پابەندیی یان لاوازیی هەیە لە پابەند بوون یان پشتبەستن پێیان، ئەمریکا پشتیوانی خۆی بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دووپاتدەکاتەوە لەگفتوگۆی تایبەت لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت و ئەندامانی کۆمەڵگای مەدەنی".

ئەو دیپلۆماتکارە دێرینەی ئەمەریکا، پێیوانەبوو کە گرژییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی نیشاندەری هەڕەشەیەکی گەورەبن بۆ سەر هەرێمیکوردستان، ئەوەی زیاتر وەک ئاگادارکردنەوەیەک دەبینیی.