پێنج چالاكی شیلادزێ‌ سزای دوو ساڵ زییندانیكردنیان بەسەردا سەپێندرا

16-05-2022 01:39

پەرەگراف

هاوشێوەی سزادراوانی دیكەی بادینان، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، پێنج چالاكی شیلادزێ‌ سزای دوو ساڵ زییندانیكردنیان بەسەردا سەپێندرا، بەڵام ماوەی سزاكەیان تەواو كردووە و بەم نزیكانە ئازاد دەكرێن.

ئەمڕۆ لە دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر پرۆسەی دادگاییكردنی پێنج چالاكی خۆپیشاندانەكانی شیلادزێ‌ بەڕێوە چووە كە ماوەی ساڵێك شەش مانگە دەستگیر كراون.

تیمی پارێزەرانی دۆسیەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند "ئێمە چاوەڕاون بووین كە ئەمڕۆ ئەو كەسانە بە بێتاوان دابنرێن و ئازاد بكرێن".

وتیشیان، ئەو چالاكانە ئازادكردنی مەرجدار دەیانگرێتەوە و پاش مانگێك لە بڕیارەكەی دادگا دەست بە ڕێكارەكان دەكەن و لە ماوەی یەك هەفتەدا تەواو دەكرێت.

ئازاكردنی مەرجدار بۆ هەر ساڵێك سێ‌ مانگە، بەو جۆرەیش ئەو چالاكانە ماوەی سزاكەیان تەواو كردووە و پارێزەرانی دۆسیەكە دەڵێن "مانگێك و حەوت ڕۆژی دیكە ئازاد دەكرێن".

عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان كە ئامادەی دانیشتنەكەی دادگا بوو، ڕایانگەیاند "ئەو چالاكانە لەسەر شتانێكی یاسایی كە مافی ئاسایی هەر هاووڵاتییەكە، ساڵێك شەش مانگ دەستگیر كراون".

عومەر گوڵپی وتیشی "گوێمان لە وتەی هەر پێنج ئازادیخوازەكەی شیلادزێ‌ گرت، هیچ تاونێكی تێدا نەبوو، تاكە تاوانێك كە هەیانە ئەوەیە كە لەسەر خۆپیشاندانی شیلادزێ‌ دەستگیر كراون".