سەدر هێرشی كردەوە سەر چوارچێوەی هەماهەنگی

16-05-2022 05:32

پەرەگراف

سەدر جارێكی دیكە هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی ڕەت كردەوە كە بە سێیەكی پەكخەر ناویان دەبات. چوارچێوەكەش بژاردەی سەرۆكوەزیرانی بێلایەنی پەسەند كرد كە پەرلەمانتارە سەربەخۆكان پێشنیاریان كردووە..

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، پاش پەیامەكەی شەوی ڕابردووی كە تێیدا ئۆپۆزیسیۆنبوونی خۆی بۆ ماوەی مانگێك ڕاگەیاند و دەرفەتێكی دیكەی دایە لایەنەكان، بە هاوپەیمانەكانی خۆیشەوە، بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئەمڕۆ وتارێكی پێشكەش كرد.

موقتەدا سەدر ڕایگەیاند، عێراق ناگەڕێتەوە بۆ پشك پشكێنە و هاوپەیمانیش لەگەڵ سێیەكی پەكخەردا ناكات، چونكە كارەكانییان خراپن و گەیشتووەتە قۆناغی پەكخستنی بەرژەوەندییەكانی گەل.

ڕێبەری ڕەوتی سەدر، دادگایشی بە لایەنگری سێیەكی پەكخەر ناو برد، ئەوەش لە كاردانەوەی ڕەتكردنەوەی پرۆژەیاسای ئاسایشی خۆراك لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، كە سەدر بە "بڕینی بژێویی خەڵك و دەستبەستنی حكومەت لە خزمەت" ناوی بردووە.

"ئەوان گەل دەكەنە ئامانج و دەیانەوێت چۆكیان پێ دابدەن. لایەنەكانی سێیەكی پەكخەر دەسەڵات چاوی كوێر كردوون، ئاگایان لەوە نییە كە گەل بە دەست سەختیی ژیان، ترس و تۆقاندن، هەژاری، باڵادەستی میلیشیاكان و گەندەڵییەوە دەناڵێنێت"، سەدر وای وت.

ئەمەیش دوای ئەوە دێت پێشتر چوارچێوەی هەماهەنگی كە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، هاوپەیمانی هێزەكانی دەوڵەت، هاوپەیمانی فەتح، بزووتنەوەی عەتا، بزووتنەوەی حقووق و پارتی فەزیلە پێكهاتووە، ڕایگەیاند كە پابەندن بەوەی كەسێكی سەربەخۆ بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران كاندید بكرێت.

چوارچێوەكە ئاماژەی بەوەیش دا "ئەو هەنگاوە كردەییانەی كە پەرلەمانتارە سەربەخۆكان ڕایانگەیاندووە، نزیكە لە بەندەكانی ناو ئەو دەستپێشخەرییەی كە چوارچێوەی هەماهەنگی لە 3-5-2022 لەبارەی پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنەوە ڕاگەیاندبوو".

دوێنێ یەكشەممە پەرلەمانتارە سەربەخۆكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستپێشخەرییەكی حەوت خاڵییان بە ئامانجی چارەسەركردنی "چەقبەستوویی سیاسیی ئێستا و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق" ڕاگەیاند.

پێشتر ڕۆژی پێنجی ئەم مانگە، موقتەدا سەدر دەستپێشخەرییەكی پێشكەش بە پەرلەمانتارە سەربەخۆكان كردب و تیایدا داوای لێ كردبوون كە لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا حكوومەت پێك بهێنن.

هەر شەوی ڕابردوویش موقتەدا سەدر لە پەیامێكدا دانی بەوەدا نا كە سەركەوتوو نەبوون لە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی و دەرفەتێكی نوێی دایە لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت.

سەدر لە تویتێكی نوێدا وتی، بژاردەی (ئۆپۆزیسیۆنی نیشتمانی) بۆ ماوەیەك كە كەمتر نەبێت لە مانگێك، تاقی دەكەنەوە و دەرفەت دەدەنە لایەنەكان و هاوپەیمانەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەت لەو ماوەیەدا.

سەدر ڕایشیگەیاند، ئەگەر لایەنەكان سەركەوتوو نەبوون لە پێكهێنانی حكومەت، بڕیاری دیكەیان دەبێت و لە كاتی خۆیدا ئاشكرای دەكەن.

موقتەدا سەدر جارێكی دیكە جەختی لەوە كردووەتەوە كە "ڕێگریی ناوخۆیی و دەرەكی هەبووە لە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی" و، نەیاتوانیوە سەركەوتوو بن لە پێكهێنانیدا.