ئەنجوومەنی دادوەری هەرێم: مامەڵەی حكومەتی هەرێم لە دۆسیەی نەوت و غاز نادەستووری نییە

17-05-2022 12:39

پەرەگراف

ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند "ئەو كێڵگە نەوتییانەی دوای (یاسای ژمارە 22ی نەوت و گاز)ی پەرلەمانی كوردستان دۆزراونەتەوە، لەسەر بنەمای دەستووری عێراق مامەڵەی لەگەڵ كراوە و یاساكەیش پێچەوانەی دەستوور نییە".

دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن، سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "مامەڵەكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دۆسیەی نەوت و پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز، لەگەڵ دەستووری عێراق ساڵی 2005 یەك دەگرێتەوە، ماددەكانی یاسای نەوت و گاز ژمارە 22ی ساڵی 2007، كە لە پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچووە‌، لەگەڵ ماددەكانی دەستووری عێراق ناكۆك نییە".

سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری دەشڵێت "ماددەكانی 110 و 112ی دەستووری عێراق ئاماژەیان بەوە كردووە (حكومەتی فیدراڵی لەو كێڵگانەی ئێستا هەن ئیدارەی نەوت و گاز دەكات، لەگەڵ هەرێمەكان و پارێزگاكان، تا بەرهەمەكەی بە شێوەیەكی گونجاو بەسەر دانیشتوانی هەموو عێراق دابەش بكرێت، لەگەڵ پێدانی پشكێكی دیاریكراو بۆ ئەو هەرێمانەی لە سەردەمی رژێمی پێشوو زیانیان بەركەوتووە، ئەمەش بەپێی یاسا ڕێك دەخرێت)، بۆیە پێویستە پڕۆسەكە بەپێی ئەو ماددە دەستوورییانە بەردەوام بێت".

"پێویستە ئەو كێڵگە نەوتییانەی لە دوای ساڵی (2005) لە هەرێمی كوردستان دامەزراون، بكەونە ژێر بەرپرسیاریەتیی هەرێمی كوردستان، لەبەر ئەوەی دەقی دەستوور ئاماژەی تەنیا بە كێڵگە نەوتییەكانی ئێستا (ئەو كات) كردووە، كە بەر لە ساڵی 2005 هەبووە، بەڵام كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دوای ساڵی 2005 كاری لەسەر كراوە"، سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێم وا دەڵێت.

دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن جەخت دەكاتەوە كە "لەسەر بنەمای یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان، ژمارە 22ی ساڵی 2007، كە پشتی بە دەستووری عێراق بەستووە، هەرێمی كوردستان ئیدارەی ئەو كێڵگانە دەكات و یاساكە لەگەڵ دەستووری عێراق هیچ ناكۆكییەكی تێدا نییە".

ئەو هەڵوێستەی سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێم پێچەوانەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقە كە یاسای نەوت و گازی هەرێم و كۆی مامەڵەی حكومەتی هەرێمی لە پرسی نەوت و گازدا بە پێچەوانەی دەستوور لە قەڵەم دا و داوا دەكات بخرێتە ژێردەستی بەغداد.

* دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی دا: هەناردەكردنی نەوت و یاسای نەوت و غازی هەرێم و نادەستوورین

* حکومەتی ھەرێم: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی نادەستورییەو قبوڵی ناکەین

* سەرۆکایەتییەکانی هەرێم: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی قبووڵكراو نییه‌و مەرامی تایبەتی لە پشتە

* بەرهەم ساڵح داوای جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و پاراستنی مافەکانی هەرێم دەکات

* بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی هاوپەیمانەکانی بارزانی دابەش دەکات و کازمی هەنگاوی کرداریی دەنێت

* قوفڵی نەوت كەوتە دەستی بەغداد؛ كوردستان دەتوانێت لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی یاخی ببێت؟