نەخۆشخانەی هیوا زەنگی مەترسیداری لێ دا: نەخۆش بەهۆی نەبوونی چارەسەرەوە گیان لەدەست دەدات

17-05-2022 03:15

پەرەگراف

نەخۆشخانەی هیوا زەنگی مەترسیداری لەبارەی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبووانی شێرپەنجە و نەبوونی دەرمانەوە لێدا. نەخۆشان بەهۆی نەبوونی چارەسەرەوە گیان لەدەست دەدەن.

د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، ڕایگەیاند "ئەگەر سەنتەری پێشكەوتووی دەستنیشانكردنی پێشوەختە دانەمەزرێت، ڕەنگە لە 10 ساڵی داهاتوودا هەموو بوودجەی هەرێمیش بەشی چارەسەری تووشبووانی شێرپەنجە نەكات".

د. یاد وتیشی "ڕۆژانە 600 كەس بۆ چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەكە دەكەن و 15 حاڵەتی تووشبوون بە شێرپەنجە تۆمار دەكرێت، تەنیا لە 2021یشدا زیاتر لە سێ‌ هەزار تووشبووی شێرپەنجە تۆمار كراون".

لە ئێستادا زیاتر لە 100 تووشبووی شێرپەنجە بێچارەسەرن و خێزانەكانیان توانای دابینكردنی تێچووی چارەسەریان نییە، چونكە هەریەكەیان 14 یان 20 ڕۆژ جارێك پێویستی بە چوار بۆ پێنج هەزار دۆلارە".

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەڵێت "بەهۆی كەمیی ئامێری چارەسەر بە تیشك، سەرەی شەش مانگی دادەنرێت و بەوهۆیەوە نەخۆش هەیە گیان لەدەست دەدات".

ژمارەیەك لە ڕێكخراو و چالاك و كەسایەتییەكانی سلێمانی دەستەی داكۆكی لە هیوایان ڕاگەیاند و هەوڵەكانیان بۆ چارەسەری كێشەكانی نەخۆشخانەكە دەست پێ‌ كردووە كە دیارترینیان نەبوونی دەرمان، كەمیی ئامێر و پێداویستی و كارمەندە.

"لە هەموو ناوچەكانی عێراق، هەر چوار پارچەكەی كوردستانەوە نەخۆش ڕوو لە هیوا دەكات. سەنتەری چاندی مۆخی ئێسك كە تاكە سەنتەرە لە ناوچەكە، تەنیا لەسەدا 33ی نەخۆشخانەكانی هی پارێزگای سلێمانییە. لە قاوشی منداڵان لەسەدا 50ی نەخۆشەكان هی ناوەڕاست و خوارووی عێراقن"، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا وا دەڵێت.

د. یاد نەقشبەندی ئاماژە بەوە دەكات كە هۆكارەكان بۆ زیادبوونی تووشبوون بە شێرپەنجە زۆرن، بەڵام دیارترینیان "پیسبوونی ژینگە، زۆربوونی كارگە، نەبوونی ژیانێكی تەندروست، كەمیی هۆشیاریی تاك بەرانبەر شێرپەنجە، نەبوونی سەنتەرێكی پێشكەوتووی دەستنیشانكردنی پێشوەختە".

دەشڵێت "تاكە چارەسەر ئەوەیە حكومەتی عێراقی پاڵپشتییەكانی بۆ نەخۆشخانەكە بەهێزتر بكات و دەرمان بەپێی پێداویستییەكانی نەخۆشخانە بنێرێت. دەبێت بوودجەی نەخۆشخانەی هیوا و سەنتەرەكانی شێرپەنجە بوودجەیەكی واقعیی نەبڕاوە و گرەنتیكراو بێت و ڕاستەوخۆ لە داهاتی نەوتەوە بدرێت".