
پەرەگراف
پارتی بە دەستپێشخەری و هەڵوێستی نوێوە لە ئاستی باڵادا لەگەڵ یەكێتی كۆدەبێتەوە بە ئامانجی گەیشتنە ڕێككەوتن لەسەر پرسی هەڵبژاردن و پۆستی سەرۆككۆماری عێراق.
سەرچاوەیەك لە مەكتەبی سیاسی پارتی بە پەرەگرافی وت "بەمزووانە لەگەڵ یەكێتی كۆدەبینەوە و هەوڵی گەیشتنە ڕێككەوتن دەدەین لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و یەك كاندیدی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق".
سەرچاوەكە ئەوەشی خستەڕوو، بابەتێكی دیكەی گفتوگۆیان لەگەڵ یەكێتی، هاوبەشییانە لە حكومەتی هەرێم و دۆخی دارایی و كۆكردنەوەی داهات و وتیشی "بۆ كۆی ئەو پرسانەش، پارتی قسە و هەڵوێستی نوێ و دەستپێشخەریی بۆ یەكێتی دەبێت"، بەڵام ئامادە نەبوو هەڵوێست و دەستپێشخەرییەكانی حیزبەكەی ئاشكرا بكات.
كێشەكانی پۆستی سەرۆكۆكۆماری عێراق و مووچە، لە ماوەی ڕابردوودا گرژیی زۆری لە نێوان پارتی و یەكێتیدا دروست كردووە، بە جۆرێك لەسەر ئاستی میدیا هێرشی توندیان كردە سەر یەكتر.
هەر لە چوارچێوەی هەوڵەكانی پارتی بۆ ڕەخساندنی كەشی گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتی، ئەمڕۆ دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی "ڕێنوێنی"یەكی ئاراستەی ئەندامان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن و سۆشیالمیدیای حیزبەكەی كردووە.
دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی داوای لە ئەندامان و دەزگاكانی ڕاگەیاندنی حیزبەكەی كردووە كە "هێرشی ڕاگەیاندن و زمانی زبر بەرامبەر لایەن و كەسایەتییەكان بە تایبەتی یەكێتی و كەسایەتییەكانی، بەكار نەهێنن"، لەپێناو "ڕەچاوكردنی زەمینەیەكی گونجاو بۆ پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانی كوردستان".
بۆ چارەسەری كێشەی مووچەیش، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، بە ئامادەیی قوباد تاڵەبانیی جێگری، لەگەڵ پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارەكانی سنووری ئیدارەی سلێمانی كۆبووەوە و ڕایگەیاند "بڕیار درا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی پارەی پێویست بۆ خەرجی مووچە لە پێش هەر خەرجییەكی دیكە، دابینكردنی پارەی پێویست بۆ تەواوكردنی بوودجەی پێویستی ئەم مانگە".