حكومەت لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە كێشەی داهات و مووچە لە ئیدارەى سلێمانى پێك دەهێنێت

17-05-2022 04:07

پەرەگراف

سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەگەڵ پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارەكانی سنوورى ئیدارەى سلێمانى سەبارەت بە كێشەی داهات و مووچە كۆبووەتەوە و دەڵێت "بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی پارەی پێویست بۆ خەرجی مووچە لە پێش هەر خەرجییەكی دیكە، دابینكردنی پارەی پێویست بۆ تەواوكردنی بوودجەی پێویستی ئەم مانگە".

هەروەها بڕیار دراوە بە "پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لە كەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و ناوخۆ، بە هەماهەنگیی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەرین و سەرجەم دامەزراوە دارایی و بانكییەكان، بۆ بەدواداچوونی ڕاستییەكان سەبارەت بە داهاتە گشتییەكان و گەیشتن بە ڕاست و دروستیی ئەو قسانەی لەمبارەیەوە دەكرێن".

دەقی ڕاگەیەندراوی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی كۆبوونەوەكە:

ئەمڕۆ سێ شەممە ١٧\٥ سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە پرسی داهات و خەرجییەكان و كورتهێنانی مووچە وگرفتە داراییەكانی سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕینمان كرد .

لە كۆبوونەوەكەدا كە بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران ئامادەی بوو، ئاماژەمان بەوەدا كە ئامانجی ئەم كۆبوونەوەیە؛ دۆزینەوەی میكانیزمێكی گونجاو بۆ چارەسەر كردنی ئەو گرفتە داراییەی لەماوەی ڕابردوو لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین درووستبووە تایبەت بە كورتهێنانی پارەی پێویست بۆ مووچە.

لە‌كۆبوونە‌وە‌كە‌دا ‌جە‌ختكرایە‌وە‌ كە‌؛ ئەركی لە پێشینەی حكومەتە چارەسەری ئەو گرفتە بكات كە پەیوەندیدارە بە مووچە وبژێوی هاوڵاتیان، و حكومەت بەیەك چاو سەیری هەموو ناوچەكان دەكات وئەرك وبەرپرسیارێتی كابینەكەشە چارەسەری كێشەی كورتهێنانی پارەی پێویست بۆ مووچە بكات لە هەر پارێزگا وناوچەیەكی هەرێم بێت.

پاشان هۆكارەكانی كورتهێنان و كێشە داراییەكان و پێشنیارەكانی چارەسەركردن بە داتا و ژمارەی پێویست خرانەڕوو، ئامادەبووانی كۆبونەوەكە بە گیانی هەستكردن بە لێپرسراوێتی جەختیان كردەوە كە؛ حكومەتی هەرێم بە یەك چاو سەیری هەموو ناوچەكانی هەرێم دەكات وبەرپرسیارێتی سەرشانیشمانە كە شایستەی دارایی مووچە‌خۆران لە سەرتاسەری هەرێم وەك یەك دابین بكرێت و ئەمەش ئەولەویەتی كاری ئەم كابینەیەیە، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی وئابووری بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی پارەی پێویست بۆ خەرجی مووچە لە پێش هەر خەرجیەكی دیكە، ودابینكردنی پارەی پێویست بۆ تەواو كردنی بوودجەی پێویستی ئەم مانگە، و لە هەمانكاتدا لە كۆبوونەوەكە بڕیاردرا بە پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لە كەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە هەردوو وەزارەتی دارایی وئابووری و ناوخۆ بە هەماهەنگیی پارێزگاكانی سلێمانی و هەلەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەرین وسەرجەم دامەزراوە دارایی وبانكییەكان بۆ بەدواداچوونی ڕاستیەكان سەبارەت بە داهاتە گشتیەكان وگەیشتن بە ڕاست ودروستی ئەو قسانەی لەمبارەیەوە دەكرێن.

لەكۆبوونەوەكەدا وەزیرانی ناوخۆو دارایی وئابووری و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگارەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و سەرپەرشتیاری هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین ئامادەی بوون.