یۆنامی: تەنیا بژاردەی دەرفەتی یەكسان بۆ هەموو لایەنەكان لە هەڵبژاردندا لەبەردەم هەرێمی كوردستاندایە

18-05-2022 02:09
جینین پلاسخارت، نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەکان لە عێراق

پەرەگراف

نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەکان لە عێراق جارێكی دیكە ڕەخنە لە دۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان دەگرێت و جەخت دەكاتەوە تەنیا یەك بژاردە لەبەردەم هەرێمی كوردستاندایە، ئەویش دەرفەتی یەكسانە بۆ هەموو لایەنە گەورە و بچووكەكان لە هەڵبژاردندا. دەشڵێت " پێگەی جوگرافی هەمیشە لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستاندا نییە".

جینین پلاسخارت لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا وتی "چاوەڕوان دەكرێت هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لە 1ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوە بچن و زۆر گرنگە گۆڕەپانی هەرێمی كوردستان بۆ هەموو هێزە سیاسییەكان كراوە بێت، گرنگ نییە گەورەن یان بچووك، بەڵكو گرنگ ئەوەیە دەفەتی یەكسان بۆ هەموویان بڕەخسێت، واتە دەبێت ژینگەیەكی تایبەت بە هەڵبژاردن بڕەخسێت".

پلاسخارت لە وتارەكەیدا تیشكی خستە سەر وتەكانی ساڵێك لەمەوبەری كە لە ئیڤێنتێكدا لە هەولێر لەبەردەم لایەن و سەركردەكانی هەرێمدا هۆشداریی لەبارەی مەترسییەكانی سەر قەوارەی هەرێم دا و وتی "جەختم لەوە كردەوە كە یەكگرتوویی زۆر گرنگە و پێویستە دابەشبوونی ناوچەی سەوز و زەرد كۆتایی بێت".

"وا دیارە ئەو ئیڤێنتە هیچ ئەنجامێكی نەبووە. بە پێچەوانەوە، جیاوازییەكان قووڵ بوونەتەوە و ئەوەش كاریگەریی لەسەر خەڵكی هەرێمی كوردستان هەبووە"، پلاسخارت وا دەڵێت.

لە بەشێكی دیكەی وتارەكەی لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا، نوێنەری سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان وتی "دەتوانم ئاماژە بەوە بكەم كە پێگەی جوگرافی هەمیشە لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستاندا نییە. بە واتایەكی دیكە، دەبێت دۆخە جیۆپۆلەتیكییەكەی وا بكات سەركردەكانی هەرێمی كوردستان كەمێك بوەستن و سەیرێكی ڕەوشەكە بكەن".

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەرێمیش، جینین پلاسخارت ڕەخنەی لە دانوستانەكانی نێوان هەردوولا گرت كە تا ئێستا "میكانیزمی دامەزراوەیی بۆ چارەسەرێكی گشتگیر و ماوەدرێژ بۆ هەموو پرسە جێناكۆكەكان" بەدەست نەهاتووە و دانوستانەكان وەكو خۆیان بێ‌ ئەنجام بەردەوامن.

سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییش لەبارەی دۆسیەی نەوت و گازی هەرێمەوە، نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق پێی وایە "ڕێگەیەك بۆ دەرچوون لە دۆخەكە هەیە"، بەڵام دەڵێت "شتێك هەیە كە نكۆڵیی لێ ناكرێت: ڕووداوەكانی ڕابردوو بوونەتە هۆی كەمبوونەوەی متمانە لەنێوان هەردوولادا. هەر بۆیە دروستبوونی متمانە زۆر پێویستە".

نوێنەری سكرتێری نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق، لە تەوەرێكی دیكە وتارەكەیدا باسی لە كێشە سیاسییەكای عێراق و لەپەرەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەت كرد و وتی "تاوەكو ئەمڕۆ سەركردە سیاسییەكان جەخت لە بیرۆكەی دیالۆگ دەكەنەوە، یان باس لە گەڕێكی دیكەی دانوستاندن دەكەن، بەڵام تا ئێستا ئامادەیی بۆ سازش لە هیچ لایەنێكەوە نییە".

پلاسخارت ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەوەی لە عێراق ڕوو دەدات، دەبێتە هۆی "بەردەوامبوونی چەقبەستوویی سیاسی و ڕێگەش بە گرووپە چەكدارەكانی دەرەوەی دەسەڵات دەدات ئازادانە و بێ لێپێچینەوە لەسەر تەقاندنی مووشەك بەردەوام بن".

هەروەها هۆشداریی دا كە "هاووڵاتیی ئاسایی لە عێراق كێشە و مەینەتیی هەیە و دەكرێت لە هەر چركەساتێكدا توڕەیی خەڵك دەست پێ بكات".