دوو تووشبووی كۆرۆنا لە سلێمانی چاكبوونەوە

27-03-2020 07:26


پەرەگراف

دوو تووشبووی دیكەی كۆرۆنا لە سلێمانی چاكبوونەوەو كۆی ژمارەی ئەوانەی چاكبوونەتەوە لە هەرێمی كوردستان گەیشتە 41 كەس كە سەرجەمیان لە سلێمانی بوون.

قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ، ڕایگەیاند"ئەو دوو منداڵەی لەناحیەی تەكیە كە توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، لە ئێستادا چاك بوونەتەوە و نەخۆشخانەیان بە جێهێشت".

ئەو دوو منداڵە یەكێكیان لە ئێران گەڕابووەوەو تووشی ڤایرۆسەكە بوبو، ئەوەی دیكەشیان هاوڕێی ئەوەو لەوەوە تووش بوبو.

لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 10 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراون؛ لە پارێزگای هەولێر 4 حاڵەتی نوێ هەبووە؛ 1 ئافرەتی تەمەن 28 ساڵ‌و 3 گەنج كە بەركەوتەی تووشبووی پێشووە، لە پارێزگای سلێمانی یەك ئافرەتی 56 ساڵ كە بەهەمانشێوە بەركەوتەی تووشبووی پێشووە، لە پارێزگای دهۆكیش 5 حاڵەت تۆمار كراوە كە هەموویان یەك خێزانن‌و پیاوەكەیان لە بەریتانیا گەڕاوەتەوە.

بەوەش كۆی گشتیی تووشبوون گەیشتە 113 حاڵەت، كە دوانیان گیانیان لەدەستداوە.

ئەو دوو حاڵەتەیشی گیانیان لەدەستداوە، هەردووكیان لە سلێمانی بووە؛ یەكەمیان مامۆستایەكی ئاینیی بوو كە نەخۆشیی درێژخایەنی هەبوو، دووەمیش نەخۆشیی شێرپەنجەی هەبوو، هەردووكیان هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، بەڵام ئەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە كە هۆكاری مردنەكەیان ئەو ڤایرۆسە بووبێت.