توركیا مەرجی وەرگرتنی سوید و فینلەندا لە ناتۆ دەبەستێتەوە بە دژایەتیی پەكەكە و ڕۆژئاوای كوردستان

18-05-2022 05:12
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا

پەرەگراف

توركیا بە مەرجی دژایەتیی ئاشكرای پەكەكە و ڕۆژئاوای كوردستان و ڕاگرتنی پاڵپشتییەكان، ڕازی دەبێت بە داواكاریی سوید و فینلەندا بۆ وەرگرتنیان لە ناتۆ.

ئاژانسی بلومبێرگ لە زاری بەرپرسانی توركیاوە ئاشكرایكرد، ئەنقەرە چەند مەرجێكی بۆ سوید و فینلەندا ھەیە بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆ، مەرجێكی سەرەكی ئەوەیە كە بە ئاشكرا دژی پەكەكە و یەپەگە لە باكورو ڕۆژئاوای كوردستان و سنووری عێراق بوەستنەوە و دان بە نیگەرانیی توركیا لەوبارەیەوە بنێن.

ھەربەپێی مەرجەكەی توركیا، دەبێت ئەو دوو وڵاتە ھەر جۆرە پاڵپشتییەك بۆ كورد ڕابگرن، لە ناوخۆی وڵاتەكانیشیان ھاوسۆزانی پەكەكە سەركوت بكەن.

هەر ئەمڕۆیش بەهۆی ڤیتۆی توركیاوە، ئەنجوومەنی ناتۆ نەیتوانی ڕێكارەكانی بەئەندامبوونی سوید و فینلەندا دەست پێ بكات كە لە ڕۆژانی ڕابردوودا داواكاریی پێشكەش كردبوو.

لە وتارێكیشد لەبەردەم فراكسیۆنی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، ئەمڕۆ وتی "ناتوانین وڵاتانی پاڵپشتیكار لە تیرۆر لە ناتۆ قبووڵ بكەین. ئێمە داوای ڕادەستكردنەوەی تیرۆریستانمان لە سوید كرد، ڕەتی كردەوە".

ئەردۆغان جەختی كردەوە كە "هەڵوێستی ئێمە ڕوونە، دژی بەئەندامبوونی سوید و فینلەنداین لە ناتۆ".

سەرۆككۆماری توركیا داوای لە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ كرد "پاڵپشتی لە هەوڵەكانی توركیا بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام لەسەر سنووری سووریا" بكەن.