لە عێراق و هەرێمی كوردستان بازرگانی بە كرێكارانی بیانییەوە دەكرێت

18-05-2022 09:10

پەرەگراف

"ئەو كەسەی كە سپۆنسەری دەكات، لە ڕێگەی دەڵاڵێكەوە لەو وڵاتەی كە كرێكارەكانی لێیە، بە كرێكارەكە دەڵێن: وەرە دەتبەین بۆ سلێمانی، بەغدا یان هەر شارێكی دیكە، لەوێ‌ داهات و ژیانت باشترە و خۆشگوزارەنی هەیە. ئەو بەهەشتەی بۆ دروست دەكەن كە لە خەیاڵی مرۆڤدایە. ئەو كرێكارە نازانێت سلێمانی و بەغدا و فڵان شوێن كوێیە، كاتێك دەگاتە ئێرە بە پارەیەكی خەیاڵی بازرگانیی پێوە دەكرێت"، ئەمە بارودۆخی بەشێك لە كرێكارانی بیانییە.

حەمە هەژار، سەرۆكی ڕێكخراوی ڕۆشنبیری و داكۆكیكردن لە كرێكارانی بیانی، لە گفتوگۆیەكی تایبەت لەگەڵ پەرەگراف، باس لە بازرگانیكردن بە كرێكارانی بیانییەوە دەكات و دەڵێت "ساڵی پار 70 بۆ 80 كەیسمان داوە بە دەستەی مافی مرۆڤ، بەڵام لێپێچینەوە كەمە".

سەرۆكی ڕێكخراوی ڕۆشنبیری و داكۆكیكردن لە كرێكارانی بیانی باس لە حاڵەتێكی نامۆ لەناو كرێكارانی بیانیدا دەكات و دەڵێت "كرێكاری ئافرەت هەیە سێ مێردی هەیە، مێردێك لێرە، دانەیەك لە دوبەی و دانەیەكی تر لە وڵاتەكەی خۆی، جاری وا هەیە منداڵی دەبێت لەگەڵ خۆی دەیباتەوە بۆ وڵاتەكەی و مێردەكەی ئەوێی ئاساییە بەلایەوە".

سەبارەت بە شێوازی ناردنی كرێكارە بیانییەكان بۆ هەرێم و عێراق، حەمە هەژار دەڵێت "دەڵاڵەكە لە یەكێك لە فڕۆكەخانەكانی دوبەیەوە كرێكارەكە سواری فڕۆكەی دەكات بۆ یەكێك لە فڕۆكەخانەكان و لێرە سپۆنسەرەكە وەری دەگرێت".

لە پرۆسەكەدا "دەڵاڵێكی ئەو وڵاتەی كرێكارەكەی لێیە، كەسێك لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق، لەگەڵ كوردێك لە هەرێمی كوردستان" بەشدارن.

سەرۆكی ڕێكخراوی ڕۆشنبیری و داكۆكیكردن لە كرێكارانی بیانی دەڵێت "خەڵك هەبووە خاوەن شەهادەی بەرز، كاتێك خێزانەكەی چووە بۆ دەوام، دەستدرێژیی كردووەتە سەر كچە كرێكارێكی ئەفریقی كە لە ماڵەكەی كاری كردوو".

دەشڵێت "كەیسەكانی پەیوەست بە كرێكارانی بیانی زۆرن و داوامان كردووە كە دادگایەكی تایبەتی بۆ دابمەزرێت و یەك بنكەی تایبەتی پۆلیس هەبێت بۆ لێكۆڵینەوە لەو كەیسانە".

ي