موسەننا ئەمین: ئەوەی لە كۆگاكانی خۆراك لە هوانە دەگوزەرێت، زۆر ڕیسوایی و نایاساییە

19-05-2022 12:55

پەرەگراف

وەفدێكی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆ بەدواداچوونی كێشەی بەشەخۆراكی هاووڵاتیان هاتووەتە هەرێم. پەرلەمانتارێكی كورد كە لەگەڵ وەفدەكەدا بووە، دەڵێت "چووینە كۆگاكانی خۆراك لە هوانە، بە وەزیری بازرگانیی هەرێمم وت: ئەوەی لەو كۆگایانە دەگوزەرێت كارێكی زۆر ڕیسوایی و ناشیرین و نایاساییە".

"ئەو كۆگایانە لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە دروست نەكراون بە شێوازی زانستییانە خۆراكی تێدا هەڵبگیرێت، ساحیبە وەكو پێویست كار ناكات تێیاندا، پلەی گەرمییان بەرز دەبێتەوە، هەموو خۆراكەكان لەسەر زەوی دانراون"، موسەننا ئەمین وا دەڵێت.

وەفدەكەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دوێنێ‌ لەگەڵ لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەكانی پەیسوەت بە خۆراك و دانەوێڵە و چاودێریی خۆراك لە سلێمانی كۆبوونەتەوە و موسەننا ئەمین كە لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار بووە، دەڵێت "ئەو زانیارییانەی بە ئێمەیان دا، زۆرێكی ڕاست نەبوو، شێوازی هەڵگرتنی كەلوپەلە خۆراكییەكان نایاسایی و ناتەندروستە".

هاتنی وەفدەكەی عێراق پاش ئەوەیە كە سكاڵا و ناڕەزایەتیی هاووڵاتیانی هەرێم سەبارەت بە كێشەی نەگەیشتننی بەشەخۆراكی مانگانە بە دەستیان گەیەندراوەتە وەزیری بازرگانیی عێراق. بە جۆرێك كە ئارد لە پارێزگاكانی تری عێراق چوار بەش دابەش كراوە، تا ئێستا لە هەرێم هێشتا یەك بەش تەواو نەكراوە، هەروەها ئەو خۆراكانەی دەدرێت بە هاوڵاتیان، "وەكو پێویست ناگات و تەندروست نییە".

موسەننا ئەمین دەڵێت "كۆگاكان بەشێكیان پڕن لە خۆراك و دابەش ناكرێن. دەیان تەن شەكر كە شەش مانگی بەسەردا تێپەڕێوە، بە بیانووی بوونی لیژنە لەسەری، دابەش نەكراون".

"لە كۆبوونەوەكەدا دەیانگوت خۆراك ناگاتە دەستی ئێمە، ئەمڕۆ بەبێ‌ ئەوەی ئەوان چاوەڕوانی سەردانی ئێمە بكەن و بە شێوەیەكی كتوپڕ، چووینە مەیدانەكە، خۆمان بینیمان ئەو سەیارانەی كە لە بەغداوە دێن، ڕاستەوخۆ خاڵی دەكرێنە ناو سەیارەیەكی دیكە بەبێ‌ ئەوەی بخرێنە ناو كۆگاكان، كە ئەوەش پێچەوانەی یاسایە"، ئەو پەرلەمانتارە وا دەڵێت.