نوێنەرایەتیی هەدەپە: زەكی چەلەبی لەلایەن توركیاوە بە شێوەیەكی دڕندانە تیرۆر كراوە

19-05-2022 03:11

پەرەگراف

نوێنەرایەتیی هەدەپە لە هەرێمی كوردستان بە توندی ئیدانەی "تیرۆكردن"ی زەكی چەلەبی، خاوەنی ڕیستۆرانتی دەنیز لە سلێمانیی كرد و دەڵێت "لەلایەن دوڵەتی توركیاوە بە شێوەیەكی دڕندانە تیرۆر كراوە".

حیكمەت خەتیب، هاوسەرۆكی نوێنەراتیی هەدەپە لە هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "ئەو كەسانەی وەك پەنابەری سیاسی لە باكووری كوردستانەوە هاتوونەتە باشووری كوردستان، ڕۆژانە مافەكانیان پێشێل دەكرێت و ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسی و تەنانەت شەهیدكردنیش دەبنەوە، لەكاتێكدا ئەو هاوڵاتییانە، كەسانی وڵاتپارێز و خەباتگێڕن و دژی داگیركارییەكانی توركیا تێكۆشان دەكەن".

هاوسەرۆكی نوێنەراتیی هەدەپە وتیشی "تێكۆشەر و هەڤاڵی هێژا زەكی چەلەبی، لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە سزا دراوە و ناچار بووە بێتە هەرێمی كوردستان. 12 ساڵە هاتووەتە هەرێمی كوردستان و لە سلێمانی دەژیا. بەداخەوە لەلایەن توركیاوە بە شێوەیەكی دڕندانە تیرۆر كرا".
حیكمەت خەتیب داوای لە دەسەڵادارانی یەكێتی كرد "هەڵوێستیان بەرانبەر ئەو ڕەشەكوژییە سیاسییانە هەبێت كە لە سلێمانی ئەنجام دەدرێن و بە زوویی ئەنجامدەرانی دەستگیر بكرێن و سزا بدرێن".

زەكی محەمەد چەلەبی، پەنابەری سیاسیی باكووری كوردستان و خاوەنی ڕێستۆرانتی دەنیز لە شاری سلێمانی، شەوی ١٧ی ئەم مانگە لە بەردەم ڕێستۆرانتەكەیدا لە شەقامی بەختیاری دەستڕێژی گوللـەی لێ كرا و پاش مانەوەی بۆ ماوەی ١٧ كاتژمێر لەژێر چاودێریی پزیشكیدا، درەنگانی ئێوارەی دوێنێ گیانی لەدەست دا.