دەستەی دەستپاكی: سپیكردنەوەی پارە لە كوردستان هەیە، بەڵام ئامارەكەی لای ئێمە نییە

19-05-2022 09:55

پەرەگراف

دەستەی دەستپاكیی ھەرێم و نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارە لە بانكی ناوەندیی عێراق، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سپیكردنەوەی پارە و بردنەدەرەوەی بە گەندەڵی، ڕێككەوتنێكیان واژوو كرد.

ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەسپاكیی ھەرێم، ڕایگەیاند "بەپێی ڕێككەوتنەكە لەمەودوا بەشداریی كار و چالاكی و خول و ڕاهێنانەكانی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارە لە بانكی ناوەندیی دەكەین و دەتوانین زانیاری بگۆڕنەوە لەسەر ئەو پارانەی لە ڕێی تاوان یان گەندەڵییەوە دەستكەوتوون، بە تایبەت ئەگەر لە كوردستان بێت".

سەرۆكی دەستەی دەسپاكی وتیشی، لە هەرێم یاسایەك نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارە، بۆیە بە یاسای تیرۆر مامەڵ لەگەڵ كەیسەكە دەكرێت و دەزگاكانی ئاسیش كاری لەسەر دەكەن، ئاماری سپیكردنەوەی پارە لای دەستەكەی ئەوان نییە، بەڵام بەدڵنیاییەوە سپیكردنەوەی پارە لە كوردستان هەیە، چونكە ئەوە پاشكۆی تاوانەكانی گەندەڵییە.