بە بڕیاری دادوەر گۆڕی ئەو منداڵە هەڵدرایەوە كە سەگ خواردی

20-05-2022 09:52

پەرەگراف

بە بڕیاری دادوەر و لەپێناو "ڕەواندنەوەی ئەو گومانانەی دروست بوون"، گۆڕی (لیا)ی تەمەن 10 ساڵ، ئەو منداڵەی كە سەگ خواردی، هەڵدرایەوە و بڕیارە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا لە پزیشكی دادی سلێمانی توێكاریی بۆ بكرێت.

ژیار جەلال، بەڕێوەبەری چاودێریی كۆمەڵایەتیی سلێمانی، كە لە كاتی پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕەكە ئامادە بوو، وتی "هەڵدانەوەی گۆڕەكە بە بڕیاری داوەری دادگای لێكۆڵینەوەی چواری سلێمانی و لەپێناو ڕەواندنەوەی ئەو گومانانە بووە كە لای هەموان دروست بووە"

سەبارەت بە ڕووداوەكە، بەڕێوەبەری چاودێریی كۆمەڵایەتیی سلێمانی وتی "ئێمە وێنەی كامێراكانمان لایە و بە چاوی خۆمان دیومانە كە منداڵەكە بە قاچی خۆی دەچێتە ژوورەوە بۆ كولانەی سەگەكان".

وەكوو ژیار جەلال باسی كرد، ئەو منداڵە "دوو جار لە ڕۆژانی یەكشەممە و دووشەممە خۆی دەچێت بۆ لای سەگەكان، بۆ سەیركردن و یاریكردن لەگەڵیان. ڕۆژی یەكشەممە پاسەوانەكە تەلەفۆن بۆ باوكی دەكات و دەڵێت: وەرە منداڵەكە ببەرەوە. ڕۆژی دووشەممەیش دەچێتەوە و ئەو ڕووداوە ڕوو دەدات".

"لە كامێراكاندا دەردەكەوێت كە لیا بە لای سیاجەكەدا دەڕوات و هەوڵ دەدات بچێتە ژوورەوە، بەڵام شوێنی كامێراكان بە جۆرێكن كە وێنەی كاتی كەوتنە خوارەوەی بۆ ناو كولانەكە، دەرناكەوێت"، بەڕێوەبەری چاودێریی كۆمەڵایەتیی سلێمانی وای وت.

سەبارەت بەوەی كە دەگوترێت "سیاجی كولانەی سەگەكان دوو مەتر و 28 سانتیمەتر بەرزە، ئەو منداڵە چۆن توانیویەتی بەسەر ئەو سیاجەدا بچێتە ژوورەوە"، ژیار جەلال وتی، "لیا لە بەشە بەرزەكەوە ناڕواتە ژوورەوە، دەچێتە بەشی پشتەوەی، لەوێوە شوێنقاچی هەیە و دەوتوانێت سەربكەوێت".