پێنج سەرنشینی ئۆتۆمبێلێك لە بۆردوومانی فڕۆكەی توركیا كوژران

21-05-2022 11:36
وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلەی فڕۆکەکانی تورکیا لە گوندی توتەقەڵ کردیانە ئامانج لەگەڵ دوو هاووڵاتی کە بوونە قوربانى

پەرەگراف

بەیانیی ئەمڕۆ فڕۆكەى بێفڕۆكەوانی توركیا لە گوندێكی سنووری ناحیەی ئاغجەلەر، ئۆتۆمبێلێكی كردە ئامانج و پێنج كەس گیانیان لەدەست داوە، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر دەڵێت "دەگوترێت سیانیان گەریلای پەكەكە و دوانیان هاووڵاتیی مەدەنین".

هێمن بەهجەت، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆردوومانی گوندی توتەقەڵ_یان كردووە و ئۆتۆمبێلێكی جۆری تیۆتا پێكراوە كە پێنج سەرنشینی تێدا بووە، هەر پێنجیان گیانیان لەدەست داوە".

بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر وتیشی "دەگوترێت سیان لە كوژراوەكان گەریلای پەكەكە و دوانیان هاووڵاتیی مەدەینن".

بە وتەی هێمن بەهجەت، ماوەیەكە دەنگۆی جموجووڵی گەریلاكانی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان لە سنوورەكە هەیە، بەڵام تا ئێستا دڵنیا نین كە ئەم قوربانییانە كێن.

هێزە ئەمنیەكان چوونەتە ناوچەكە و سێ تەرم دەرهێنراوە، بەڵام بەهۆی سوڕانەوەی بەردەوامی فڕۆكە بەسەر ئاسمانی ناوچەكەدا، تا ئێستا نەتوانراوە دوو تەرمی تر دەربهێنرێن.

گوندی توتەقەڵ دەكەوێتە بناری خاڵخاڵان لە سنووری ناحیەی ئاغجەلەری سەر بە قەزای چەمچەماڵ و نزیكەی ٣٠ كیلۆمەتر لە ناوەندی ناحیەی ئاغجەلەر دوورە.