زیندانیانی سیاسیی ناڕازی داوای گواستنەوەی دۆسیەكانیان بۆ بەغدا و هەڕەشەی تۆماركردنی سكاڵا لەسەر حكومەتی هەرێم دەكەن

21-05-2022 02:54
کۆنگرەى ڕۆژنامەوانیى دەستەی زیندانیانی سیاسیی ناڕازی لە نووسینگەی سلێمانیی پەرلەمانی عێراق

پەرەگراف

دەستەی زیندانیانی سیاسیی ناڕازی لە هەرێمی كوردستان، داوای گواستنەوەی دۆسیەكەیان بۆ سەر زیندانیانی سیاسی لە عێراق دەكەن و، ڕایدەگەیەنن "لە ئەگەری چارەسەرنەكردنی دۆسیەكەمان و نەگەڕانەوەی مافەكانمان، سكاڵا لەسەر حكومەتی هەرێم تۆمار دەكەین".

دەستەكە ئەمڕۆ یاداشتێكیان دایە نووسینگەی سلێمانیی پەرلەمانی عێراق و ڕایانگەیاند "پێویستە پەرلەمانی عێراق حكومەتی عێراق ناچار بكات بە پێدانی مافەكانمان، كە دەستوور ئەو مافەی لە ماددەی 132دا پێ‌ داوین".

ئەوان داوایان كردووە كە "جیاوازیی سەرجەم مینحەكانمان لەگەڵ بەغدا بۆ خەرج بكرێت، كە مینحەی ئێمە 500 هەزار دینار بووە و بۆ ماوەی 10 ساڵ لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دابین كراوە، ئەمەش لە نیوەی مینحەی زیندانیانی سیاسیی عێراق كەمترە كە هی ئەوان ملیۆنێكك و 200 هەزار دینارە بۆ ماوەی 20 ساڵ".

دەستەی زیندانیانی سیاسیی ناڕازی دەڵێت "ڕاگەیاندنی ئابووریی سەربەخۆ لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، بە بڕینی مافە دارایی و مینحەكانمان كۆتایی هات".

"لە ئەگەری دروستكردنی كێشە بۆ دۆسیەكەمان لە بەغدا، پێداگریی خۆمان لەسەر داواكانمان ڕادەگەیەنین و لە دادگای پەیوەندیدار سكاڵا لەسەر حكومەتی هەرێم تۆمار دەكەین"، دەستەكە وا دەڵێت.