لە هێرشەكەی سەر كەمپی مەخموور "یەك كەس بریندار بووە"

21-05-2022 04:53
وێنەى ئەو ئۆتۆمبێلەى ئەمڕۆ ٢١-٥-٢٠٢٢ لەناو کەمپى مەخموور کرایە ئامانج

پەرەگراف

لە هێرشەكەی سەر كەمپی مەخموور كە لەلایەن فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی توركیاوە ئەنجام دراوە، "یەك كەس بریندار بووە كە هاووڵاتییەكی مەدەنییە". بەرپرسێكی كەمپەكە دەڵێت "بریندارەكە لە نەخۆشخانەی گەیارەیە، چونكە ڕێگری دەدرێت لە بردنی بریندار و نەخۆشەكانمان بۆ هەولێر".

نێچیرڤان مەحموود، بەرپرسی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی كەمپی شەهید جودی لە قەزای مەخموور، بە پەرەگرافی وت "هێرشەكە بە یەك مووشەك لە دەوروبەری كاتژمێر یەك ئەنجام درا و ئۆتۆمبێلێكی جۆری (مەرزییەی دەبڵ ئەكس) لە تەیشت گۆڕستانی كەمپەكە كرایە ئامانج".

ئەو بەرپرسەی كەمپی مەخموور وتیشی "ئۆتۆمبێلەكە یەك سەرنشینی تێدا بووە و بە سەختی بریندار بووە. ئێستا لە نەخۆشخانەی گەیارەیە، ئەگەری هەیە لێرە چارەسەر نەكرێت و ڕەوانەی مووسڵ بكرێت".

نێچیرڤان مەحموود هەموو ئەو دەنگۆ و هەواڵانەی ڕەت كردەوە كە باس بە شەهید و برینداری دیكە دەكەن و وتی "ناڕاستن و من خۆم لە نەخۆشخانەم لەگەڵ بریندارەكە".
بەرپرسی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی كەمپی شەهید جودی لە مەخموور، سەبارەت بە ناسنامەی بریندارەكە وتی "هاووڵاتییەكی مەدەنیی ئاسایی ناو كەمپەكەیە و هیچ پلە و بەرپرسیارێتییەكی نەبووە، ئەو دەنگۆیانە ڕاست نین كە دەڵێن ئەندامێكی پەكەكە یان هەپەگەیە".

دەربارەی هۆكاری ئەوەی كە بۆچی بریندارەكە ڕەوانەی نەخۆشخانەكانی هەولێر نەكراوە، نێچیرڤان مەحموود وتی "سێ‌ ساڵە ڕێگری دەكرێت لە بردنی نەخۆش و بریندارەكانمان بۆ لە هەولێر".

"ئافرەت هەبووە لەبەر ئەوەی لە بازگە ڕێگری كراوە ببرێتە هەولێر، منداڵەكەی لەبار چووە. هاووڵاتیی بەتەمەن هەبووە گیانی لەدەست داوە"، ئەو بەرپرسەی كەمپی مەخموور بۆ پەرەگراف وای وت.

هێرشەكەی سەر كەمپی مەخموور پاش ئەوە دێت كە هەر ئەمڕۆ فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا هێرشیان كردە سەر ئۆتۆمبێلێك لە گوندێكی ناحیەی ئاغجەلەر، بەهۆیەوە پێنج كەس گیانیان لەدەست دا كە "دوانیان هاووڵاتیی مەدەنی و سیانیان گەریلای پەكەكە بوون".

* پێنج سەرنشینی ئۆتۆمبێلێك لە بۆردوومانی فڕۆكەی توركیا كوژران