نێچیرڤان بارزانی: دەبێت پارتی و یەكێتی دەستی حیزب لەسەر پێشمەرگە هەڵبگرن

22-05-2022 12:55

پەرەگراف

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند "لەپێناو یەكخستنی هێزی پێشمەرگە، دەبێت پارتی و یەكێتی كۆتایی بە دەستوەردان لە كاروباری وەزارەتی پێشمەرگە بهێنن و دەستی حیزب لەسەر پێشمەرگە هەڵبگرن، ئەگەرنا لەگەڵ هەموو ناكۆكییە سیاسسەكاندا، ئەوەی جێبەجێیش كراوە هەڵدەوەشێتەوە".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە وتارێكدا لە مەراسیمی پێدانی بڕوانامە بە دەرچووانی كۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان، وتی "یەكنەخستنی پێشمەرگە و هێز و دامەزراوە ئەمنییەكان، وای كردووە هەموو ناكۆكییە سیاسییەكان ڕاستەوخۆ كار لەسەر ئاسایش و دەروونی هاووڵاتیان و بارزگانی و كەسابەتی خەڵك بكات، وای كردووە خەڵك چاوەڕوانی لەتبوونی هەرێمی كوردستان و تەنانەت شەڕیش بكەن".

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئاماژەدان بەوەى كە "ڕاستە بەپێی یاسا، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئەركی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی پێشمەرگەی لەسەر شانە"، بەڵام جەختی كردەوە كە "بۆ ئەوەی چاكسازی و یەكخستنی پێشمەرگە جێبەجێ‌ بكریت، دەبێت پارتی و یەكێتی بە باوەڕ و بێ‌ پەشیمانبوونەوە بڕیار بدەن كە دەستی حیزب لەسەر پێشمەرگە هەڵبگرن، دەبێت كۆتایی بە دەستوەردانی حیزبی لەناو كاروباری پێشمەرگەجا بهێنن، بەو شێوەیە چاكسازی و یەكخستنی ڕاستەقینەی پێشمەرگە دەست پێ‌ دەكات و سەردەكەوێت".

"نابێت حیزبەكان لە كێشانەوەی دەستی خۆیان لەناو هێزی پێشمەرگە بەگومان بن، چونكە حكومەت و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، دوو دەزگای جێگای متمانەی خەڵك و حیزبەكانی هەرێمی كوردستانن، پەرلەمانیش بەسەر هێزی پێشمەرگەوە چاودێر دەبێت"، سەرۆكی هەرێم وای وت.

نێچیرڤان بارزانی، سەبارەت بە دۆخی سیاسیی هەرێمیش ڕایگەیاند كە "زەمینەیەك هاتووەتە پێشەوە بۆ نەرمینواندن و گفتوگۆ لەگەڵ یەكتر و شەڕی ڕاگەیاندنیش هەندێك كەم بووەتەوە".

وتیشی " ئێمە ناكۆكیی زۆر گەورەمان نییە كە چارەسەر نەكرێت، بەڵام بەربەستی دەروونی بۆ دانیشتن لەگەڵ یەكتر دروست دەكەین، ئەم دۆخە زۆر جار لە نێوان یەكێتی و پارتیدا دروست دەبێت، كە بەڕاستی جێی ناڕەحەتیی هەموو خەڵكی كەردستانە".

سەرۆكی هەرێم ئاماژەیەكیشی بۆ كێشەی مووچە بە تایبەت لە سنووری ئیدارەی سلێمانی كرد و وتی " دەبێت داهاتی هەرێم بۆ هەموان بێت، بەڵام بڕیاری حكومەتی هەرێمیش لە هەموو ناوچەكان جێبەجێ بكرێت".