وەزیری پێشمەرگە لەبارەی مەترسییەكانی سەر قەوارەی هەرێم هۆشداری دەدات

22-05-2022 01:30

پەرەگراف

وەزیری پێشمەرگە لەبارەی مەترسییەكانی سەر قەوارەی هەرێم، هۆشداری دەداتە پارتی و یەكێتی و داوای هەڵگرتنی "هێڵی سوور"ی بەردەم یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە دەكات. دەشڵێت "هاوپەیمانان تێبینییان لەسەر كەلێنەكانی پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە هەیە".

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان، لە ڕێوڕەسمی پێدانی بڕوانامەی دەرچوون بە ئەفسەرانی كۆلێژی سەربازیی قەلاچوالان كە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم، ئامادەی بوو، ڕایگەیاند "مەترسییەكانی سەر قەوارەی هەرێم ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە هەڵكشانن و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان پێوستمان بە هێزێكی پێشمەرگەی یەكگرتوو و سەربەخۆ هەیە. تا ئێستا كاتمان زۆر لەدەست داوە و چیتر كاتكوشتن لە بەرژەوەندیی كورد و كوردستان نییە".

وەزیری پێشمەرگە وتیشی "هاوكاری و هەماهەنگییەكانی هاوپەیمانان بەردەوامن، بەڵام نایشارنەوە كە سەرنج و تێبینییان لەسەر كەموكورتی و كەلێنەكانی پرۆسەی بەرەوپێشچوون و چاكسازی هەیە".

شۆڕش ئیسماعیل جەختی كردەوە كە "لەپێناو ئەوەی هێزی پێشمەرگە ئامادە بێت بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكە و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان، هاوپەیمانان دەخوازن هەنگاوەكان خێراتر و فراونتر بكرێت، ئیتر ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا نەكراوە، ئێستا پێویست دەكات كاری بۆ بكرێت".

"پێویستە هیچ هێڵێكی سوور نەبێت لەسەر ڕێكخستنەوە و ئامادەیی هێزی پێشمەرگە لەژێر چەتری دامەزراوەی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگەدا، چونكە تا ئێستا كاتمان زۆر لەدەست داوە و چیتر كاتكوشتن لە بەرژەوەندیی كورد و كوردستان نییە"، وەزیری پێشمەرگە وای وت.

هۆشدارییەكانی وەزیری پێشمەرگە پاش ئەوە دێت، لە ماوەی ڕابردوودا ئەمریكا و وڵاتانی دیكەی هاوپەیمانیی دژی داعش كە هاوكاریی هەرێم دەكەن بۆ چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەكخستنەوەی ڕێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، هۆشدارییان داوەتە هەرێم لەبارەی لەمپەرە حیزبییەكانی بەردەم پرۆسەكە.

ئەو وڵاتانە جەختیان كردووەتەوە كە پرۆسەی یەكخستنەوەی هێزەكانی 70 و 80ی پێشمەرگە و ڕێكخستنەوەی سەرجەم هێزەكانی دیكەی پێشمەرگەیش وەكوو هێزێكی یەكگرتووی بێلایەنی نیشتمانی لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا، دەبێت خێراتر بکرێت، بە پێچەوانەوە ئەوان هاوكاری و هەماهەنگییەكانیان لەوبارەیەوە ڕادەگرن.