وەزیری نەوتی عێراق، باڵیۆزی توركیای بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بانگهێشت كرد

23-05-2022 02:21

پەرەگراف

وەزیری نەوتی عێراق بەردەوامە لە هەنگاوەكانی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دژی پرۆسەی نەوتی هەرێم و پەیامی بەغدای لەوبارەیەوە گەیاندە باڵیۆزی توركیا. وەزیری نەوتی عێراق جەخت دەكاتەوە كە "دەبێت ئاڵنگارییەكانی پەیوەست بە نەوت لە بەرژەوەندیی عێراق چارەسەر بكرێن".

بەپێی هەواڵی پێگەی فەرمیی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق، لە بەغدا پێشوازیی لە عەلی ڕەزار كۆنای، باڵیۆزی توركیا لە بەغدا كردووە و گفتوگۆیان دەربارەی "پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات، ڕۆڵی كۆمپانیا توركییەكان لە پاڵپشتی و بەشداری لە پەرەپێدانی پرۆسەی بەرهەمهێنان و پرۆژە نوێیەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق" كردووە.

ئامانجی سەرەكیی كۆبوونەوەكە "بەرەوپێشچوونەكانی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی" دژی نەوتی هەرێم بووە، كە نەوتی هەرێم لە ڕێگەی توركیاوە هەناردەی دەرەوە دەكرێت.

سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی و كێشەكانی پەیوەست بە نەوت، وەزیری نەوتی عێراق جەختی كردووەتەوە كە "دەبێت ئاڵنگارییەكان بە جۆرێك كە لە بەرژەوەندیی عێراقدا بێت، چارەسەر بكرێن"، لەو ڕووەشەوە پێشنیاری "پرۆژە و ڕێككەوتنی نوێی و زیادكردنی توانای هەناردەكردن لە ڕێگەی بەندەری جەیهانیی توركی"ی خستووەتە بەردەم توركیا.

بانگهێشتكردنی باڵیۆزی توركیا بۆ گفتوگۆ دەربارەی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، پاش ئەوە دێت كە لە ماوەی ڕابردوودا وەزیری نەوتی عێراق نامەی ئاراستەی ئەو كۆمپانیایانە كرد كە وەبەرهێنان لە نەوت و غازی هەرێمدا دەكەن و ئاگاداری كردنەوە لەوەی كە بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، كاركردنیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم بەبێ‌ ڕەزامەندیی حكومەتی فیدراڵ، نادەستوورییە.

وەزیری نەوتی عێراق داوای لەو كۆمپانیایانە كردووە كە بچنە پێشەوە بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی نوێ‌ لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق.

بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بەڵگەیەكی فەرمییە بە دەستی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە كە لە دادگا نێودەوڵەتییەكاندا لە دژی كۆمپانیاكان و توركیاش بەكاری بهێنێت، بە تایبەت كە حكومەتی عێراق سكاڵایەكی لەوبارەیەوە لەسەر توركیا تۆمار كردووە.

لە سەردەمی كابینە حكومییەكەی حەیدەر عەبادیی سەرۆكوەزیرانی عێراق، وەزارەتی نەوتی عێراق لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس، سكاڵای لەسەر توركیا تۆمار كردووە، لە بەرانبەر ئەوەی كە بەبێ ڕەزامەندیی حكومەتی ناوەند نەوتی هەرێمی هەناردە كردووە، بۆ قەرەبوویش بەغداد داوای 26 ملیار دۆلاری لە توركیا كردووە.

سكاڵاكە بەر لە یەكلابوونەوەی و لە سەردەمی عادل عەبدولمەهدیی سەرۆكوەزیرانی عێراق، لەلایەن عێراقەوە ڕاگیرا، بەڵام وەكوو كارتێكی فشار بەدەست بەغداوە ماوە كە لە دژی توركیا بەكاری بهێنێت، ئەگەر نەچێتە ژێر باری جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی.