لەتیف شێخ مستەفا: ئەوەی هەست بە مەترسییەكانی سەر هەرێم نەكات، ئەوە وەكوو نەعامە سەری كردووە بەژێر خۆڵدا

23-05-2022 06:42

پەرەگراف

لەتیف شێخ مستەفا، شارەزای یاسایی و دەستووری، دەڵێت "ئەوەی هەست بە مەترسییەكانی سەر هەرێم نەكات، ئەوە وەكوو نەعامە سەری كردووە بەژێر خۆڵدا". دەشڵێت "بەدیلمان پێیە بۆ چارەسەری كێشەكان، بەڵام بەم دەسەڵاتەی ناڵێین، چونكە گوێ‌ ناگرێت".

لەتیف شێخ مستەفا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری پەرەگراف ئامادەی بوو، ناڕاستەوخۆ ڕەخنەیشی لە هەوڵی سەرۆكی هەرێم گرت بۆ چارەسەری كێشەكان لە ڕێگەی كۆكردنەوەی لایەنەكانەوە و وتی "میكانیزمە كۆنەكان بۆ چارەسەری كێشەكان بەكار دەهێنن، ئەو میكانیزمە تەقلیدییەی كۆبوونەوەی حیزبەكان ئەو دەرئەنجامەی لێ‌ كەوتووەتەوە كە ئێستا هەیە و هەر ئەو دەرئەنجامەی لێ‌ دەكەوێتەوە".

سەبارەت بەو سكاڵایەش كە لەسەر نووسەر (كامیار سابیر) تۆماری كردووە، وتی "نزیكی دوو ساڵ لەمەوبەر كاك كامیار لەخۆیەوە چەند وتارێكی لەسەر من نووسی كە گوایە من كەسێكی قەومچیم، دژی عەرەب و شیعەم، دەمەوێت شەڕی كورد و عەرەب دروست بكەم، وتم قەیچێكا ئەوە ڕەخنەیە، بەڵام بەوەوە نەوەستا و تۆمەتی گەندەڵبوونی بۆ هەڵبەستم، ئیتر منیش شكاتم لێ‌ كرد".

وتیشی "تەوقیفكردنی لەلایەن دادوەرەوە بەهۆی هەڵسوكەوتێكی خۆیەوە بووە كە حاكمی ئیستیفزاز كردبوو، ئەمڕۆ چووم ئازادم كرد".