دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆدەبنەوە

24-05-2022 01:28

پەرەگراف

سبەینێ‌ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆدەبنەوە. دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا و هەمواركردنەوەی یاساكەی گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت.سەرۆكانی هەرسێ‌ فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌، كۆمەڵ و یەكگرتوو بە پەرەگرافیان ڕاگەیاند، سوورن لەسەر بۆچوونەکانى پێشوویان و لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار دەبن.

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بۆ میدیاكان وتی "وەكوو دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، لە كۆبوونەوەكەدا ڕووانگەی خۆمان و ئەنجامی ئەو پەیوەندییانەی كە لەم ماوەیەدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان هەمان بووە، دەخەینە بەردەم سەرۆكی فراكسیۆنەكان".

وتیشی "داوا لە سەرۆكی فراكسیۆنەكان دەكەین كە بەرئەنجامی ئەو دانیشتنانەی لەگەڵ سەركردایەتییەكانی خۆیان هەیان بووە، ڕوانگەیان بۆ چۆنێتیی دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان بخەنە ڕوو و گفتوگۆ بكرێت كە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت".

سەبارەت بە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، جێگری سەرۆكی پەرلەمان وتی "دەبێت گفتوگۆی كراوە لەبارەی ژمارەی بازنەكانی هەڵبژاردن و كورسیی پێكهاتەكان و ڕەهەندەكانی دیكەی یاساكە هەبێت".

"ئەگەر هەموو لایەنەكان سوور بن لەسەر ئەوەی یان سفر یان 110، واتە ئەگەر لایەنێك بڵێت ئەوەی من دەمەوێت تێیدا نەبێت، ناهێڵم یاساكە هەموار بكرێت، یان لایەنێك بڵێت دەست بۆ هەر شتێك ببەن من ڕازی نیم، ناگەینە ئەنجام. دەبێت زەمینەیەكی دیموكراسی بڕەخسێنرێت"، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وای وت.

بڕیار بووە ئەمڕۆ كۆبوونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی و فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بەڕێوە بچێت، بەڵام "بەهۆی كۆچی دوایی باپیری سەرۆكی پەرلەمان بۆ سبەی دواخراوە".

كاوە عەبدولقادر، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ، بۆ پەرەگراف‌ وتی "دەبێت هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بە كۆمیسیۆنێكی نوێی بێلایەنەوە ئەنجام بدرێت، یاسای هەڵبژاردنیش هەموار بكرێتەوە".

سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ وتیشی "پارتی و یەكێتی دەزانن خەڵك دەنگیان پێ‌ نادەن، بۆیە دەیانەوێت هەڵبژاردن نەكرێت، ئەگینا لە ماوەی 10 ڕۆژدا دەكرێت هەموو كارەكان تەواو بكرێن و كۆمیسیۆنیش فریای ئامادەكاری دەكەوێت بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا".

عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ، بە پەرەگرافی وت "سوورین لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژدن، داوایش دەكەین ئەم كۆمیسیۆنەی ئێستا بە پڕكردنەوەی شوێنی ئەندامە ڕۆیشتووەكانی، كارا بكرێتەوە".

هەروەها شێركۆ جەودەت، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووە، بۆ پەرەگراف جەختی لە بۆچوونی پێشتی فراكسیۆنەكەی سەبارەت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن كردەوە، كە بەوپێیە لەگەڵ كۆمەڵی دادگەری هاوبۆچوون.

كۆبوونەوەكە لە كاتێكدایە بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە جێنێن پلاسخارت نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق، كۆبوونەوەیەكی داخراو لەگەڵ نوێنەری لایەنە سیاسییەكانی ھەرێم سەبارەت بە هەڵبژاردنەكان ئەنجام بدات.

پێشتر یەكێتی و چوار فراكسیۆنی گەورەی دیكەی پەرلەمانی كوردستان سووربوونی خۆیان لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و جێگیركردنی سیستەمی فرەبازنەیی هاوشێوەی عێراق ڕاگەیاندووە. ئامادە نین بچنە ژێر "فشار"ی پارتی بۆ دەستهەڵگرتن لەو هەوڵە.

سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتی بە پەرەگرافی وت، لێكتێگەیشتنیان لەگەڵ نەوەی نوێ، گۆڕان، یەكگرتوو و كۆمەڵ ھەیە كە بەبێ ھەمواری یاساكە ئامادەی ھەڵبژاردن نین و ناچنە ژێرباری ھیچ فشارێكی پارتی و دەبێت ئەو پڕۆژەی ھەموارەی پێشكەش كراوە بخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە.

بەپێی ئەو پرۆژەی ھەموارە، هەرێمی كوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن بەپێی پارێزگاكان دابەش دەكرێت، دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمانیش بەسەر بازنەكاندا بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوانی هەر پارێزگایەك دەبێت.

هەر بەپێی ئەو پرۆژەیاسایە، كورسیی پێكهاتەكان لە ڕووی ژمارەوە وەكوو خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام لە ڕووی جوگرافییەوە دابەش دەكرێن بەسەر پارێزگاكاندا.

* بۆ خوێندنەوەی ناوەرۆكی پرۆژەیاسای هەمواری یاسای هەڵبژاردن كلیك لێرە بكە

بەشێك لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی گۆڕان و سەربەخۆكانیش پاڵپشتیی هەوڵەكانی هەمواری یاسی هەڵبژاردن و چەسپاندنی سیستەمی فرەبازنەیی دەكەن.

لای خۆیشیەوە فراكسیۆنی پارتی جەخت دەكاتەوە لە بۆچوونی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەم یاسایەی ئێستا و هۆشداریشی داوەتە لایەنەكانی دیكە كە بە زۆرینەی پەرلەمانی خواستەكانی جێبەجێ‌ دەكات.

یەكێتی و چوار فراكسیۆنەكەی دیكە داوا دەكەن هەردوو بابەتی كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن و هەمواری یاسی هەڵبژاردن لە یەك دانیشتنی پەرلەماندا پێكەوە بكرێن، بەڵام پارتی ئەوە ڕەت دەكاتەوە.

نزیكەی دوو مانگە ئەو مۆڵەتە تەواو بووە كە كۆمسیۆن داینابوو بۆ یەكلاییكردنەوەی چارەنووسی ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران، تا بتوانن هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدەن كە ١ی١٠ی ئەمساڵە، تا ئێستاش پرسەكە بە نادیاری ماوەتەوە.