پارتی و یەکێتی لیژنەیەکی هاوبەش پێکدەهێنن دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

25-05-2022 03:27
کۆبوونەوەی ئەمرۆی پارتی و یەکێتی. وێنە؛ پەیجی بافڵ تاڵەبانی لە فەیسبوک

پەرەگراف

دوای چەند مانگێک گرژی و ئاڵۆزیی نێوانیان، پارتی و یەکێتی لە ئاستی باڵادا کۆبوونەوەو بڕیاریاندا لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنن دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسی ئەو دوو حیزبە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی بەڕێوەچوو، لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا هەردوولا دەڵێن، زه‌مينه‌يه‌كى له‌بار بۆ گفتوگۆ و ئاساييكردنه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانى په‌يوه‌ندييه‌كانیان هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌.

هەربەپێی ڕاگەیەندراوەکەیان، پارتی و یەکێتی تەئکید لە هاوکاری و پاڵپشتی بۆ حکومەتی هەرێم و ڕاگرتنی هەڵمەتی ڕاگەیاندن لە دژی یەکتر و بەردەوامیی کۆبوونەوەکانیان دەکەنەوە.

کۆبوونەوەکە دوای سەردانی نێچیرڤان بارزانی دێت بۆ سلێمانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و حیزب و لایەنەکانی دیکە.

پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکۆکن، یەکێتی داوای هەمواری یاسای هەڵبژاردن و سیستمی فرەبازنەیی دەکات، بەڵام پارتی دەیەوێت بە هەمان یاساو سیستمی پێشوو هەڵبژاردنەکە بکرێت.

هەرچەندە سەرۆکی هەرێم ١-١٠ی بۆ ئەنجامدانی دیاریکردووە، بەڵام هێشتا لایەنەکان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن و چارەنووسی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن کە ماوەکەی بەسەرچووە یەکلایی نەکراوەتەوە تا سەرپەرشتی پڕۆسەکە بکات.

پرسێکی دیکەی ناکۆکیی نێوان ئەو دوو حیزبە، پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پشکی کوردە لە بەغداد بە تایبەت پۆستی سەرۆککۆمار کە گرێکوێرەی نێوانیانەو هەرلایەک سوورە لەسەر بەدەستهێنانی.