وەزیری سامانە سروشتییەکان دەستی لە کار کێشایەوە

26-05-2022 09:11

پەرەگراف

نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستلەكاركێشانەوەی وەزیری سامانە سروشتییەكان و پەسەندكردنی لەلایەن مەسرور بارزانییەوە ڕاگەیاند و دەڵێت "كەمال ئەترووشی باری تەندروستیی ناجێگیرە و پرۆسەی چارەسەریشی كاتی زۆری پێویستە".

ڕاگەیەندراوێك لە نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە:

لە ماوەی ڕابردوودا باری تەندروستیی بەڕێز د. كەمال ئەترووشی، وەزیری سامانە سروشتیەكان، جێگیر نەبووە، بۆیە چەندین جار بە مەبەستی چارەسەری مۆڵەتی وەرگرتووە. ئێستاش دووبارە بەڕێزیان بە مەبەستی چارەسەری، بە نیازە سەردانی دەرەوە بكات و پرۆسەی چارەسەریشی كاتی زیاتری پێویستە.

لە بەر ئەو هۆیە، بەڕێزیان بە ویستی خۆی، دەستلەكاركێشانەوەی ئاراستەی جەنابی سەرۆكی حكومەت كرد.

بۆ ئەوەی ئامادەنەبوونی بەڕێز د. كەمال ئەترووشی كاریگەریی نەرێنیی لەسەر كاروباری وەزارەت نەبێت، بەڕێز سەرۆكی حكومەت دەستلەكاركێشانەوەكەی پەسەند كرد و بڕیاری داوە كە بەرێزیان وەك ڕاوێژكاری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وزە، بە پێی توانا و دۆخی تەندروستیی، لە خزمەت بەردەوام بێت.

لە هەمان كاتدا بەڕێز كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبا، راسپێردرا بە وەكالەت كاروباری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەڕێوە ببات.


نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان


2022/5/26